رووداو دیجیتاڵ
رائید ساڵح، وەزیری فریاکەوتن و بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی سووریا، رایگەیاند کە تیمەکانی وەزارەتەکەیان لە چوارچێوەی دیدێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی هەموو سووریاییەکان، دەستیان بە بڵاوبوونەوە و کارکردن لە پارێزگەکانی جەزیرەی سووریا (حەسەکە، رەققە و دێرەزوور) کردووە.
وەزیری فریاکەوتن لە پۆستێکدا لە ئێکس ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە دووپاتکردنەوەیە لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا و بەرپەرسیارێتیی نیشتمانی. ساڵح ئاماژەی بە هاوکارییەکانی پێشتری نێوان پارێزگەکان کرد و گوتی: "ماوەیەک لەمەوبەر، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی رەققە، حەسەکە و دێرەزوور هاوکاریی ئێمەیان کرد لە کوژاندنەوەی ئاگرەکانی لازقییە، ئەمرۆش پێکەوە لەو سێ پارێزگەیە کار دەکەین بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان."
رائید ساڵح داوای لە هەموو کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە و ناوەندەکانی بەرگریی شارستانی لە دێرەزوور، رەققە و حەسەکە کرد، لە بنکەکانی خۆیان بمێننەوە و لە راییکردنی ئەرکە نیشتمانی و مرۆییەکانیان و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی فریاگوزاری بە هاووڵاتییان بۆ پاراستنی گیان و ماڵیان.
ئەم گۆڕانکارییە خزمەتگوزاری و کارگێڕییانە دوای ئەوە دێن کە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 18-01-2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، رێککەوتنێکی 14 بڕگەیییان بۆ ئاگربەست و تێکەڵکردنی تەواوەتیی هێزە کوردییەکان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا واژۆ کرد. بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەی ناوچەکانی رەققە و دێرەزوور بە تەواوەتی رادەستی حکومەتی ناوەندی دەکرێنەوە و دامەزراوە مەدەنییەکانی حەسەکەکەش تێکەڵی ناو پێکهاتەی دەوڵەتی سووریا دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ