رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نوێترین ئاماری ماڵباتی چەکدارانی داعش لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ بۆ رووداو دەخاتەڕوو و دەڵێت، زیاتر لە 7500 خێزانیان لە کەمپەکانی هۆل و رۆژدا دەژین.
شێخموس ئەحمەد، هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ 27 هەزار و 146 کەس لە ماڵباتی چەکدارانی داعش دەژین، کە دەبنە 7 هەزار و 604 خێزان".
بەگوێرەی ئاماری کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لەو ماڵباتانەی داعش کە لەو دوو کەمپەی رۆژئاوای کوردستاندان، 866 خێزانی عێراقیی هەن، 850 یان لە کەمپی هۆلن و 16یان لە کەمپی رۆژ، کە کۆی گشتییان 3 هەزار و 275 کەسن، زۆرینەیان کە 3 هەزار و 200 کەسە لە کەمپی هۆلن و 75 یان لە کەمپی رۆژ".
لە ئاماری کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا ئاماژە بەوە کراوە، بەگشتی لە کەمپی هۆل 6 هەزار و 846 خێزان هەن، کە دەبنە 24 هەزار و 384 کەس. زۆرینەیان سووریایین، کە 4 هەزار و 123 خێزانن و پێکدێن لە 14 هەزار و 902 کەس".
دووەم زۆرترین دانیشتووی کەمپی هۆل بیانییەکانن، کە هەزار و 873 خێزانن و پێکدێن لە 6 هەزار و 284 کەس، بەدوای ئەوانیشدا عێراقییەکانن، کە 850 خێزانن و پێکدێن لە 3 هەزار و 200 کەس.
کەمپی رۆژ یەکێکی دیکە لەو کەمپانەی رۆژئاوای کوردستان کە ماڵبات و کەسوکاری چەکدارانی داعشی تێدایە، بە گوێرەی ئامارەکە، تاوەکو ئەمڕۆ 18-01-2026 لەو کەمپەدا 758 خێزان هەن، کە پێکدێن لە 2 هەزار و 762 کەس.
ئەوانەی لە کەمپی رۆژدا نیشتەجێن سووریایی، بیانی و عێراقین. بەگوێرەی ئامارەکە، زۆرترینیان بیانین، کە 731 خێزانن و پێکدێن لە 2 هەزار و 167 کەس، بەدوای ئەواندا سووریاییەکانن، کە 520 کەسن و 11 یان خێزانن، هەروەها عێراقییەکانی کەمپی رۆژ 16 خێزانن و پێکدێن لە 75 کەس.
هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کەمپەکان تاوەکو ئەمڕۆ ناوەوەیان لەلایەن ئاسایشی نێوخۆ و دەرەوەشی لەلایەن هەسەدە و هێزەکانی هاوپەیمانانەوە دەپارێزرێت".
بە گوتەی شێخمووس ئەحمەد، "ئەو زیندانییانەی داعشیان تێدا بەند کراوە لەلایەن هەسەدە و هێزەکانی هاوپەیمانانەوە دەپارێزرێن".
هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گوتی، "بەهۆی هێرشەکانی چەکدارەکانی تەحریر شام [بەشێکی سەرەکین لە حکومەتی کاتیی سووریا]وە مەترسی جیدیی لەسەر کەمپەکان و زیندانەکانی چەکدارانی داعش دروست بووە، چونکە ئەوانەش هێرش دەکەن هەر وەکو داعشن."
شێخ مووس ئەحمەد گوتی، "هەر رووداوێکی نەخوازراو لە کەمپەکان رووبدات هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەرپرسیارن، چونکە تاوەکو ئێستا بێدەنگن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ