رووداو دیجیتاڵ
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لانیکەم 594 کەس لە پارێزگای سوەیدای باشووری سووریا کوژراون.
رێکخراوەکە رۆژی پێنجشەممە 17-07-2025 رایگەیاند، 300 کەسی دروز لەنێو کوژراوەکاندان، کە 154یان هاووڵاتیی سڤیلن و 83 کەسیان "بەبێ دادگاییکردن لەلایەن ئەندامانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆوە لە سێدارە دراون".
تووندوتیژییەکان بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 257 کارمەندی حکومەت و 18 چەکداری دەشتەکی، لەگەڵ سێ ئەندامی عەشیرەتە دەشتەکییەکان "کە بەبێ دادگاییکردن لەلایەن چەکدارانی دروزەوە لە سێدارە دراون".
بەگوێرەی ئەو روانگەیە، 15 کارمەندی دیکەی حکومەت لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا کوژراون، هەروەها رۆژنامەنووسێکیش لە کاتی رووماڵکردنی پێکدادانەکاندا گیانی لەدەستداوە.
چیرۆکی ئەو شەڕە چییە؟
دەستپێکی ئاڵۆزییەکان: پێکدادان لە نێوان هۆزە بەدەوییەکان و چەکدارانی دروز دەستی پێکرد، دواتر حکومەتی سووریا بە بیانووی گەڕاندنەوەی ئارامی هێزی رەوانەی ناوچەکە کرد.
تۆمەتبارکردنی هێزەکانی حکومەت: شایەتحاڵان و گرووپە دروزەکان دەڵێن، هێزەکانی حکومەت شانبەشانی دەشتەکییەکان دژی دروز شەڕیان کردووە.
دەستوەردانی ئیسرائیل: ئیسرائیل بە بیانووی پاراستنی کەمینەی دروز، دەستی بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی سوپای سووریا لە دیمەشق کرد و هەڕەشەی زیاتری کردووە.
کاردانەوەی حکومەتی سووریا: سەرۆکایەتیی سووریا رۆژی چوارشەممە لە راگەیێندراوێکدا "سەرکۆنەی تووندی ئەم کردەوە قێزەونانە"ـی کرد و بەڵێنی دا "لێکۆڵینەوە لە هەموو رووداوە پەیوەندیدارەکان بکات و هەموو ئەوانە سزا بدات کە تێوەگلاون."
کشانەوەی سوپا: دوای هەڕەشەکانی ئیسرائیل، هێزەکانی حکومەتی سووریا کە چووبوونە ناو شاری سوەیدا، شەوی چوارشەممە لە شارەکە کشانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ