رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەڵێت، هێشتا گەمارۆی سەر گەڕەکەکان بەردەوامە و رێگە بە هاتنەوەی خەڵک نادرێ. دەشڵێت، بەهۆی گەمارۆکەوە، خواردن و پێداویستییەکانی ژیان لەنێو شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کەمیان کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24-12-2025، نووری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی حەلەب، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دلبخوین دارا پێشکێشیکرد، دوایین زانیارییەکانی سەبارەت بە دۆخی گەڕەکەکان لەدوای شەڕ خستەڕوو.
نووری شێخۆ رایگەیاند، لە شەڕەکەی دوو رۆژ لەمەوپێشدا، گرووپە چەکدارەکانی ژێر دەسەڵاتی ئاسایشی سووریا بە شێوەی ''دڕندانە'' هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی سڤیل و گەڕەکەکان، کە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
بەگوتەی هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، ''گەڕەکەکان گەمارۆیەکی زۆر ستەمکارانەیان خراوەتە سەر و پەیوەندییان بە سووریا و حەلەبەوە پچڕاوە. بازگەکان داخراون و هاتووچۆ قەدەخەیە. تەنیا دەبێت لە ژێر مەرج و رێنماییەکانی ئەوان هاتووچۆ بکرێ."
''حکومەتی سووریا لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانیدا لاوازە''
شەوی دووشەممە 22ـی کانوونی یەکەم پێکدادانێک لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی سووریا و ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب کە کوردن و لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان، دروست بوو. نووری شێخۆ دەڵێت، ''ئێستاش رێگەی هاتنی سەرجەم پێداویستییەکانی ژیان لەسەر گەڕەکی شێخ مەقسوود داخراوە.''
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئاماژەی بەوەدا، کاریگەریی گرووپە چەکدارەکان لەسەر حەلەب زۆرە و لە گەڕەکە کوردییەکاندا رێگری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا دەکەن، ''بۆیە حکومەت لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانیدا لاوازە. گرووپەکانی حەمزات و عەمشات لە حەلەب، تەنیا راسپاردە و پێشنیازەکانی تورکیا جێبەجێ دەکەن.''
نووری شێخۆ ئاماژەی بە دۆخی ژیانی دانیشتووانی دوو گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب کرد و گوتی، ''ئێستا مەترسییەکی ئەوتۆ لەسەر ژیانی خەڵک نییە، چونکە ئاسایش لەسەر پێیە و گەلیش شانبەشانیان گەڕەکەکان دەپارێزن، بەڵام ئەو گەمارۆیەی کە هەیە، کەرەستەکانی ژیان و خواردنی کەم کردووەتەوە. ''
بە گوتەی هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، ئێستا هێرشێکی میدیایی گەورە لەلایەن حکومەتی سووریا و لایەنە فەرمییەکانەوە دژی دوو گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب هەیە، ''هەموو شتێک پێچەوانە دەکەنەوە، بۆ ئەوەی ئیرادەی گەل تێکبشکێنن، بەڵام حکومەتی کاتیش بەهۆی خۆڕاگریی خەڵکەوە، هاوشێوەی رژێمی بەعس لە شکاندنی خەڵکدا سەرکەتوو نابێ.''
''پێویستە دەستبەجێ حکومەتی سووریا بێتە سەر هێڵ''
وەزارەتی ناوخۆی سووریا هێزە کوردییەکان بە دەستپێشخەری بۆ شەڕەکە تۆمەتبار دەکات. نووری شێخۆ ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ''ئێمە بەشێکی سەرەکی و رەسەنی حەلەبین، لەسەر ئەم خاکەین، بەڵام ئەوان بە ئێمە دەڵێن جیاییخواز. لەکاتێکدا ئەوە ئەوانن نایانەوێت ئێمە لەگەڵیان بین و پێکەوە بژین.''
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە داوا لە حکومەتی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، دەکات کە ''دەستبەجێ دەستوەردان بکات، چونکە ئەو گرفتەی لە حەلەب هەیە، 1٪ـیش خزمەت بە گەل و حکومەتی سووریا ناکات. تەنیا خزمەت بەو دەوڵەتانە دەکات کە ئەجێندایان لە حەلەب هەیە و دەیانەوێت هەموو شتێک لەنێوببەن، بۆ ئەوەی بڕیاری سوورییەکان بخەنە ژێر دەستی خۆیان.''
ئێستا بڕیاری کارگێڕیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لەلایەن پارێزگاری حەلەبەوە دەرناکرێت و خۆیان لە بواری کارگێڕی و ئەمنییەوە خۆیان بەڕێوەدەبەن. نووری شێخۆ جەختی لەوە کردەوە، ''ئەگەر ئێستا پارێزگاری حەلەب بڕیارەکانی پەراوێزخستنی تێدا نەبێت، ئێمەش لەسەر سەر و چاومانی دادەنێن و قبووڵی دەکەین، بەڵام تەنانەت روونکردنەوەی پارێزگار سەبارەت بە شەڕەکەش دوور بوو لە راستییەوە.''
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە راگەیێندراوەکەی پارێزگاری حەلەبی رەتکردەوە کە تێیدا هێزە کوردییەکان تۆمەتبار کراون بە تانک و چەکی قورس هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئاسایشی سووریا و گوتی، ''چۆن دەکرێ خەڵکی سڤیل هێرش بکاتە سەر هێزێکی سەربازیی خاوەن چەک و تانک و تۆپ؟ ئەمانە هەموویان پێچەوانە کراونەتەوە، ئەوان بوون بەو شێوەیە هێرشیان کرد.''
''ئەحمەد شەرع خوازیاری جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانە''
لە 1ی نیسانی 2025دا حکومەتی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رێککەوتنێکیان لەبارەی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە واژۆکرد. بەگوتەی نووری شێخۆ، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر خوازیاری جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی 10 ئادار و 1ـی نیسانە، ''بەڵام ئەو کەسانەی کە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان زیانیان بەردەکەوێ، دەستوەردان دەکەن و گرووپە چەکدارەکان دەنێرنە نێو گەڕەکەکان، بۆ ئەوەی رێککەوتنەکان تێکبدەن.''
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی شەڕەکەدا 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 25 کەسی دیکەش برینداربوون.
دوابەدوای پێکدادانەکان و لە درەنگی شەوی دووشەممەدا، هەریەک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا لە دیمەشق و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشڕەفییە لە راگەیێندراوی جیادا بڕیاری راگرتنی شەڕ و پابەندبوونیان بە ئاگربەستەوە راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ