بەرپرسێکی باڵای داعش لە دیمەشق دەستگیرکرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی سووریا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئەمنیدا لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بەرپرسێکی باڵای رێکخراوی داعشیان لە دیمەشق دەستگیرکردووە.
 
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا)، لە زاری لیوا ئەحمەد دەلاتی، بەرپرسێکی باڵای ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، ئەو کەسەی دەستگیر کراوە ناوی تەها زوعبییە و نازناوی "ئەبو عومەر تەبییە"یە و وەکو سەرکردەی داعش لە دیمەشق و دەوروبەری کاری کردووە. 
 
بەگوێرەی ئاژانسەکە، لە هەمان ئۆپەراسیۆندا ژمارەیەک لە چەکدارە نزیکەکانی ئەبو عومەر دەستگیرکراون و دەست بەسەر چەک و کەرەستەی لۆجستیدا گیراوە.
 
ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای کەمتر لە دوو هەفتە دێت لە هێرشەکەی رۆژی 13ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ لە شاری تەدموری نێوەڕاستی سووریا، کە بووە هۆی کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی و هاووڵاتییەکی سیڤیلی ئەمریکی. واشنتن لەوکاتەدا رایگەیاند، هێرشەکە لەلایەن چەکدارێکی سەر بە داعشەوە کراوە.
 
دەلاتی، لە لێدوانەکەیدا بۆ سانا رایگەیاند: "یەکە تایبەتمەندەکانمان، بە هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی گشتی و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکیان کرد و توانییان حەشارگەیەکی شانەکانی نووستووی داعشیان لە دیمەشق بکەنە ئامانج."
 
پێشتر و لە رۆژی 20ی کانوونی یەکەم، سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایگەیاندبوو پێنج ئەندامی داعش لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکادا کوژراون، کە وەکو وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ هێرشەکەی 13ی کانوونی یەکەم.
 
هێرشەکەی تەدمور وەکو یەکەم رووداوی گەورەی ئەمنی لەو شێوەیە لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا هەژمارکرا. دواتر دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا رایانگەیاند، ئەنجامدەری هێرشەکە ئەندامێکی پێشووی هێزە ئەمنییەکان بووە کە بڕیاربووە بەهۆی هەڵگرتنی "بیروباوەڕی ئیسلامیی تووندڕەوانە" لە کارەکەی دووربخرێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە

هەسەدە: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا زرێپۆشیان هێناوە

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رەتیکردەوە گەڕەکەکانی حەلەب-یان بۆردوومان کردبێت و رایگەیاند لە شوێنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریاوە مووشەک ئاراستەی شارەکە دەکرێت، هەروەها بۆ بۆردوومانکردنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئەو گرووپانە زرێپۆش و تۆپهاوێژیان هێناوە.