تورکیا: سووریا و پەکەکە و یەپەگە ئەنجامدەری راستەقینەی پێشێلکارییەکانن

18-09-2020
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن تورکیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وەڵامی راپۆرتەکەی کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانە رەتدەکەنەوە کە باس لە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە دەکەن.

کۆمیسیاری باڵای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ هانی تورکیا دەدات دەست بە لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێی سەربەخۆ بکات لەو پێشێلکارییانەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی و هێزەکانی نزیک لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان دەکرێن. 

بە گوتەی تورکیا، نەتەوە یەکگرتووەکان ناوی پەکەکە و یەپەگە و رژێمی سووریای نەهێناوە کە ئەوان بەرپرسیاری سەرەکی ئەو پێشێلکارییانەن باسدەکرێت. 

پێشتر میشیل باچلێ، کۆمیسیاری باڵای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، بارودۆخی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە شوێنەکانی وەک عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی زۆر خراپە و تووندوتیژی و تاوانی زۆریان تێدا دەکرێت.

نووسینگەی میشیل باچلێ بڵاویکردەوە، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا پێشێلکاریی جیددی لەو ناوچانە تۆمارکراون، لەوانەش زیادبوونی ژمارەی کوشتن، رفاندن، "گواستنەوەی نایاساییانەی خەڵکی"، دەستگرتن بەسەر ماڵ و موڵکی خەڵکدا. 

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راشیگەیاندووە، ناونەهێنانی پەکەکە/ پەیەدە وەک ئەنجامدەری "کارە تیرۆریستییەکان" دژی هاووڵاتیانی سڤیل لە باکووری سووریا کەموکورتییەکی گەورەیە.

لە راگەیێندراوەکەی تورکیادا ئەوەشهاتووە، ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رووبەڕووی تیرۆر دەبێتەوە و کاردەکات بۆ گەڕانەوەی کۆچبەرەکان بۆ شوێنی خۆیان.

نووسینگەی کۆمیسیارە باڵاکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە و بەهۆی تەقەمەنی و مینەوە بە لای کەمەوە 116 هاووڵاتیی سڤیل لەو ناوچانە کوژراون و 463 کەس برینداربوون. 15 کەس لە کوژراوەکان ژن بوون، 20ـیان کوڕ و 2 کەسیشیان کچ بوون. 
 
لە هەمان کاتدا ژمارەیەک هاووڵاتی رفێندراون، هەندێک لەوانیش ژن و منداڵ بوون و تاوەکو ئێستاش چارەنووسی هەندێکیان دیار نییە. هاوکات، زیادبوونی شەڕ لە نێوان گرووپە چەکدارەکان لەسەر دەسەڵات ژیانی خەڵکی و ژێرخانەکەیانی خستوەتە مەترسییەوە. 
 
نووسینگەی کۆمیسیاری باڵای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوەش دەکات، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا دەستیان بەسەر ماڵ و موڵکی خەڵکیدا گرتووە و تاڵانیان کردووە و خەڵکی خۆیان چوونەتە ناویان. 

لە 20ی کانوونی یەکەمی 2018دا سوپای تورکیا و هێزە یارمەتیدەرەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانکردە سەر هەرێمی عەفرین و دوای دوو مانگ شەڕ کۆنتڕۆڵیان کرد. لە تشرینی یەکەمی 2019 یشدا ئەو هێزانە هێرشیانکردە سەر سەرێ کانی و هەندێک ناوچەی دیکەی رۆژئاوای کوردستان و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆرکەس گیانیان لەدەستدا و دەیان هەزار کەسیش ئاوارەبوون. 

ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان راپۆرتی خۆی تایبەت بە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بڵاوکردەوە. راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ژمارەیەک پێشێلکاری جیددی کە گرووپەکانی نزیک لە تورکیا لە عەفرین و سەرێ کانی و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتیان لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامیانداون. 

هاوکات هانی مێگاڵی، کۆمیسیاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا بە رووداوی گوت، ئاماریان لە بەردەست نییە بۆئەوەی بڵێن چەند کەس دەست بەسەر ماڵ و موڵکیدا گیراوە یان دەرکراوە؛ "بەڵام هەندێک کەیسی تایبەتیمان دۆکیۆمێنت کردوون. لە هەندێک لە کەیسەکان بینیومانە کە خەڵکی داوایان لێکراوە ماڵی خۆیان جێبهێڵن، ئەوەش لە لایەن سوپای نیشتمانیی سووریاوە. دەبینین کە خەڵکی تەقە لە دەرگای ماڵی خەڵک دەدەن و داوای دۆکیۆمێنتیان لێدەکەن و هەڕەشەیان لێدەکەن. خەڵکی هەڵاتوون و بینیومانە کە ماڵ و موڵکیان دەستی بەسەردا گیراوە و زەحمەتیش بووە بۆئەوەی بگەڕێنەوە سەر موڵکیان. هەروەها حاڵەتی لەو جۆرەمان بینیوە کە موڵک تاڵان کراوە، پێداویستی لە ماڵەکان براوە و لە بازاڕدا فرۆشراوە. بێگومان پێشێلکاریی زۆر خراپترمان بینیوە، لەوانەش دەستگیرکردن و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و تووندوتیژیی سێکسی و جێندەری کە لە زیندانەکان روویانداوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە