سووریا: تەواوی ئەو بنکە سەربازییانەمان کۆنترۆڵکردەوە کە پێشتر هێزەکانی ئەمریکایان تێدابوو

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی سووریا رایگەیاند، تەواوی ئەو بنکە سەربازییانەیان وەرگرتووەتەوە کە پێشتر هێزەکانی ئەمریکایان تێدابوو و ساڵانێک بوو بە سەرۆکایەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لەو وڵاتە جێگیر ببوون.
 
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیێندراوێکدا "پێشوازی لە تەواوبوونی پڕۆسەی رادەستکردنەوەی بنکە سەربازییەکان" کرد و رایگەیاند، پڕۆسەکە بە هاوئاهەنگییەکی تەواو لە نێوان حکومەتی سووریا و ئەمریکا ئەنجامدراوە.
 
دیمەشق ئاماژەی بەوە کردووە، کشانەوەی ئەمریکا رەنگدانەوەی ئەو راستییەیە کە ئەو بارودۆخەی پێشتر پێویستی بە بوونی سەربازیی ئەمریکا هەبوو لە سووریا، "بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕاوە". 
 
هەروەها دەڵێت، "ئێستا دەوڵەتی سووریا بە هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، توانای تەواوی هەیە بۆ سەرکردایەتیکردنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە نێوخۆی وڵاتدا."
 
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی بنکەی ئاسمانی (قەسرەک)ی وەرگرتەوە. بەرپرسێکی وەزارەتەکە بە فرانس پرێسی راگەیاندووە، ئێستا بنکەکە هێزەکانی ئەمریکای تێدا نەماوە. هاوکات لە نزیک قامیشلۆ، کاروانێکی سەربازیی ئەمریکای بیندراوە کە بەرەو سنوورەکانی عێراق بەڕێوەبوون.
 
رێککەوتن لەگەڵ هەسەدە
 
بنکەی قەسرەک یەکێک بوو لە بنکە سەرەکییەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و وەک ناوەندێکی لۆجیستی بۆ گواستنەوەی کەرەستە سەربازییەکان بۆ عێراق بەکاردەهات.
 
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە لە سەرەتای ئەمساڵ، رێککەوتنێک لە نێوان دیمەشق و هەسەدە بۆ تێکەڵکردنەوەی هەسەدە بە دامەزراوەکانی دەوڵەت کرا.
 
ئەمریکا کە لە ساڵی 2014وە بۆ شەڕی داعش هاتبووە سووریا، لەمساڵدا رایگەیاند، ئامانجی هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ هەسەدە تاوەکو ئاستێکی زۆر کۆتایی هاتووە.
 
پێشتر و لە مانگی رابردوودا، سووریا بنکەی (رمێلان)ی لە پارێزگای حەسەکە وەرگرتەوە، هەروەها لە ماوەی رابردووشدا هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەکانی (تەنەف) و (شەدادی) لە رۆژئاوای کوردستان کشابوونەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی سووریا جەختی کردەوە کە فراوانبوونی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر ئەو ناوچانەدا، دەرەنجامی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتە بۆ یەکخستنەوەی وڵات لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتدا و سەرکەوتنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە لە نێو دامەزراوە نیشتمانییەکاندا نیشان دەدات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە