شێخێکی عەشیرەتی جبوور: چارەسەر بۆ سووریا دەستوورێکی نوێ و سیستمی لامەرکەزییە

20-08-2025
بیلال ئەحمەد @belalahmed8787
شێخ ئەکرەم مەحشوش، یەکێک لە شێخەکانی عەشیرەتی جبوور
شێخ ئەکرەم مەحشوش، یەکێک لە شێخەکانی عەشیرەتی جبوور
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا گرژییە سیاسی و سەربازییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا زیاد دەکەن، شێخ ئەکرەم مەحشوش، یەکێک لە شێخەکانی عەشیرەتی جبوور، حکومەتی دیمەشق بەوە تۆمەتبار دەکات، کە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا لاوازە و عەشیرەتەکان وەک "بیانوو" بۆ شکستەکانی بەکاردەهێنێت. جەختیش دەکاتەوە، چارەسەر لە داڕشتنی دەستوورێکی نوێ و سیستمێکی لامەرکەزی دایە بۆ هەموو سووریا.
 
لەم هەفتانەی دواییدا، دیمەشق هەڕەشەکانی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، بەتایبەتی لە دژی حەلەب، زیاتر کردووە و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بە "هەوڵدان بۆ جیابوونەوە" تۆمەتبار دەکات. لە بەرامبەردا، هەسەدەش دیمەشق بە "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئارامی و دروستکردنی ئاژاوە لەنێوان پێکهاتەکاندا" تۆمەتبار دەکات.
 
شێخ ئەکرەم مەحشوش، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "نووڕۆژ"ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سیما ئابخێزر پێشکێشی کرد رایگەیاند، "گۆڕەپانی سووریا بەداخەوە لەڕووی ناوخۆیی و دەرەکییەوە کراوەیە. چەندین وڵاتی وەک هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئەمریکا، تورکیا، بەریتانیا و فەرەنسا لەسەر خاکی سووریان. دەسەڵاتی سووریا چیدی توانای کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و پاراستنی ئاسایشی نییە."
 
"حکومەتی دیمەشق عەشیرەتەکان وەک بیانوو بەکاردەهێنێت"
 
شێخی عەشیرەتی جبوور رەخنەی تووندی لە سیاسەتی حکومەتی دیمەشق گرت و گوتی، "هاندانی ناوخۆیی هەیە و بەداخەوە بە ناوی عەشیرەتەکانەوە دەکرێت. وەزیری دەرەوەی سووریا رایدەگەیەنێت بەرپرسیارێتیی ئاڵۆزییەکانی سوەیدا لە ئەستۆی عەشیرەتەکاندایە. ئەمە واتای ئەوەیە دەوڵەت عەشیرەتەکان وەک بیانوویەک بۆ شکستەکانی بەکاردەهێنێت."
 
ئەم هەڵوێستەی شێخ مەحشوش لە کاتێکدایە، ئەنجوومەنی سڤیلی رەققە و عەشیرەتەکانی ناوچەکە بە فەرمی هەر داواکارییەکیان بۆ رادەستکردنی شارەکە بە حکومەتی دیمەشق رەتکردەوە، پابەندبوونی خۆیان بە هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دووپاتکردەوە. شێخ مەحشوش گوتیشی، "عەشیرەتەکان رێکخراو نین، ئەوانەی هێرشیان کردە سەر سوەیدا نوێنەری عەشیرەتەکان نەبوون، بەڵکو گرووپێکی بچووک بوون کە بۆ هاندان چووبوونە ئەوێ."
 
هەروەها بانگەوازەکانی بۆ چەکهەڵگرتنی گشتی بە پڕوپاگەندەی هەندێک لایەن ناوبرد، کە دەیانەوێت لە داهاتووی سووریادا رۆڵیان هەبێت و گوتی، هیچ عەشیرەتێک لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا وەڵامی ئەو بانگەوازانەی نەداوەتەوە، کە ئەمەش یەکڕیزیی پێکهاتەکان لە بەرامبەر ئەم هەوڵانەدا نیشان دەدات.
 
"هاندان لە دژمان رێکخراوە"
 
لە بەرامبەر هەڕەشە سەربازییە بەردەوامەکانی دیمەشق، بەتایبەتی لە دەوروبەری حەلەب، شێخ ئەکرەم مەحشوش جەختی لەوە کردەوە، کە هاندان لە دژی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا "رێکخراوە و هەڕەمەکی نییە" و گوتی: "ئەمە لەلایەن هەندێک گرووپی سەر بە تورکیاوە دەکرێت. نابێت لەبیرمان بچێت، کە لە سووریا زیاتر لە 80 گرووپی چەکدار هەن و زۆربەیان سەر بە دەوڵەتی سووریا نین، وەک ئەوانەی لە گرێ سپی و سەرێ کانی کە سەر بە تورکیان." لە بەرامبەردا، هەسەدەی بە هێزێکی تۆکمە و رێکخراو ناوبرد و گوتی: "هەسەدە هێزێکی رێکخراوە، خاوەنی چەکی قورس، تانک و تۆپە. کاری ئەوان تەکنیکی و سەربازییە. پێویستە بزانرێت، کە زیاتر لە نیوەی شەڕڤانانی هەسەدە لە پێکهاتەی عەرەبن. بۆیە هەر هەوڵێکی هێرشکردن گەشتێک نابێت، بەڵکو خوێنی تێدا دەڕژێت و هێرشکاران زیانمەند دەبن."
 
چارەسەر: دەستوورێکی سووری - سووری و لامەرکەزییەت
 
وەک چارەسەرێک بۆ ئەم ئاڵۆزییانە، شێخ ئەکرەم مەحشوش گوتی "ئێمە دەستوورێکمان دەوێت بۆ هەموو سوورییەکان بێت و هیچ پێکهاتەیەک پەراوێز نەخات. ئێمە سیستمێکی کارگێڕیی لامەرکەزییمان دەوێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا، کە مافی هەموو پێکهاتەکان بە نەتەوە، ئایین و مەزهەبەکانیانەوە بپارێزێت. ئێمە دەستوورێکی سووری-سوورییمان دەوێت."
 
پەیام بە زمانی کوردی
 
شێخ ئەکرەم مەحشوش، کە بە زمانێکی کوردیی (کورمانجی) رەوانیش قسە دەکات، پەیامێکی تایبەتی یەکڕیزیی بۆ پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا نارد و گوتی، "ئێمە پێکەوەین، جا بە شەڕ بێت یان بە خێر. نامانەوێت شەڕ رووبدات. ئێمەی کورد و عەرەب هەموومان لە یەک کەشتیداین، ئەگەر ئەم کەشتییە نوقم ببێت، هەموومان نوقم دەبین، ئەگەریش رزگاری بێت، هەموومان رزگارمان دەبێت. نابێت دەستی یەکتر بەربدەین، چ لە خۆشیدا بێت یان ناخۆشی، دەبێت سنگمان لەپێش سنگی ئەوانەوە بێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە