رووداو- هەولێر
تەقینەوەیەک لە کەنیسەیەکی دیمەشق روویدا و وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکەش دەڵێت، 13 کەس کوژراون و 53 کەسی دیکە بریندارن.
میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە، ئەم ئێوارەیە هێرشێکی خۆکوژی کرایە سەر کەنیسەیەک لە دیمەشق و زیانی گیانیی لێکەوتەوە.
دڵخواز محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە دیمەشق گوتی، لە ئەنجامی تەقینەوەکە ژمارەیەک کەس کوژراون و بریندار بوون. دواتر وەزارەتی تەندروستیی سووریا رایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەکە 13 کەس کوژراون و 53 کەسی دیکە بریندار بوون.
میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە: "خۆکووژێک پشتێنەیەکی بۆمبڕێژکراوی لەنێو کەنیسەی سانت ئیلیاس لە ناوچەی دوێلعەی دیمەشق تەقاندەوە". وەزارەتی ناوخۆی سووریاش باس لەوە دەکات، هێرشکار سەرەتا تەقەی کردووە و دواتریش خۆی بە پشتێنە بۆمبڕێژکراوەکە تەقاندوەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسە چەکداری داعش بووە.
دڵخواز محەممەد گوتی، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنەکە و خەریکی لێکۆڵینەوەن.
هاوکات حەمزە مستەفا، وەزیری راگەیاندنی سووریا لە پەیامێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند: "ئەم کارە ترسنۆکانەیە لەگەڵ بەهاکانی ئەو هاووڵاتیبوونە یەکناگرێتەوە کە هەموومان پێکەوە کۆدەکاتەوە. ئێمە، وەک سووریایی، جەخت لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی نیشتمانی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکەینەوە و داوای پتەوکردنی پەیوەندیی برایەتی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدا دەکەین".
حەمزە مستەفا دەڵێت: "جەخت لەسەر بەڵێنی دەوڵەت دەکەینەوە بۆ خستنەگەڕی هەموو هەوڵێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تاوانکارییەکان و مسۆگەرکردنی پاراستنی کۆمەڵگە لە هەر دەستدرێژییەک کە هەڕەشە لە سەلامەتییەکەی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ