بڕیاردەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی: هەسەدە لە کەمپی هۆل کوڕان لە دایکەکانیان جیا دەکاتەوە

22-07-2023
ژمارەیەک سەربازی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە
ژمارەیەک سەربازی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان سەرووی 52 هەزار ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعش سەر بە 57 وڵاتی جیهان لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتن؛ نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو هێزانە بە جیاکردنەوەی کوڕە هەرزەکارانیان لە دایکەکانیان تۆمەتبار دەکات.
 
فینیۆلا نی ئالن، بڕیاردەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ دەڵێت، "بابەتی دووەم کە دەمەوێت سەرنجی بخەمە سەر جیاکردنەوەی سەتان کوڕانی هەرزەکارە لە دایکانیان بەبێ هیچ رێوشوێنێکی یاسایی. گوایە ئەم منداڵانە کە تەمەنیان دەگاتە مێرمنداڵی هەڕەشەی ئەمنییان لێ دەکرێت بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەو قسەیە هەبێت، بە تایبەتی کە تەمەنی هەندێکیان کەمتر لە 11 ساڵە".
 
هەسەدە بەردەوام بەرگری لەخۆی دەکات و دەڵێت، تەنیا ئەوان دەزانن ئاستی هەڕەشەکانی نێو کەمپی هۆل و مەترسیی سەر هەرزەکارانی چەکدارانی پێشووی داعش چەندە؛ لە ناوەندێکی ناوچەیەکی قامشلۆ کە ناوی ئۆرکێشە، هەسەدە هەوڵ دەدات ئەو هەرزەکارانە بە فیلتەری نەرمونیانی تێپەڕێنێت.
 
ئاراس دەروێش، سەرۆکی ناوەندی ئۆرکێش بۆ تێکەڵکردنەوە و چاکسازی گوتی، "ئامانج لەم ناوەندەی ئۆرکێش بۆ تێکەڵکردنەوە و چاکسازی دابینکردنی دوو جۆر خزمەتگوزارییە، لە لایەک هاوکاریی دەروونی و کۆمەڵایەتی، لە لایەکی دیکەشەوە فێرکاری، ئامانجی دوورمەودامان ئاشتکردنەوەی ئەو منداڵ و هەرزەکارانەیە تاوەکو بەبێ هیچ کێشە و رقوکینەیەک تێکەڵ بە کۆمەڵگەکانی خۆیان ببنەوە".
 
هەسەدە داوا لە وڵاتان دەکات ژن و منداڵ و چەکدارانی پێشووی داعش کە هەڵگری وڵاتینامەی ئەو وڵاتانەن، وەرگرنەوە. لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022، رووسیا بە یەک جار 38 منداڵی وەرگرتەوە.
 
خالید ئیبراهیم، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەسەدە دەڵێت، "ژمارەی منداڵان 38 هەزاره. زۆربەیان بێ دایکوباوکن. ئەمە یەکەم جار نییە کە رووسیا و وڵاتانی دیکەش منداڵانیان وەردەگرنەوە".
 
بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ لە ساڵی 2019ـەوە نزیکەی 7 هەزار دەستبەسەری کەمپی هۆل سەر بە 36 وڵاتی جیهان، گەڕێندراونەتەوە.
 
فینیۆلا نی ئالن باسی لەوەش کرد، "دەتوانم بڵێم جووڵەیەکی ئەرێنی هەیە لە ئاست گەڕاندنەوەی دەستگیرکراوەکان بۆ وڵاتەکانیان، بەڵام هێشتا لە ئاستی خوازراو نییە، ئەگەر بەو خاو و هێواشییە بەردەوام بێت، پێموایە ئەو کەمپانە تاوەکو 20 ساڵی دیکەش دەمێنن".
 
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە درێژەکێشانی ئەو بابەتە و زیاتر مانەوەیان لەو کەمپانە دەدات کە بارودۆخی ژیانیان بە "زۆر خراپ و وێران" ناودەبات و دەڵێت، ژیانی قورسی نێو کەمپەکان تووڕەیی هەرزەکاران و خواستی تۆڵە سەندنەوە زیاتر دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە