راپۆرتێك: سووریا یەکێکە لە 10 وڵاتە زۆر برسییەکانی جیهان

24-04-2024
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی راپۆرتێك، سووریا یەکێکە لە 10 وڵاتە زۆر برسییەکانی جیهان. ئەحمەد دعێبس، بە بەختە کە لە ژینگەیەکی برسیی لە ئیدلبی سووریا، چەند ئاژەڵێکی بە دەستەوە ماوە؛ دراوسێکەی جووتیارێکە بەدەست وشکەساڵییەوە دەناڵێنێت.
 
راپۆرتێكی "تۆڕی جیهانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی خۆراک" بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداری لە زیادبوونی برسێتی و هەڵکشانی تووندوتیژییەکان لە جیهان دەدات، لەنێویاندا سووریا.
 
رەین پاولسین، بەرپرسی بارودۆخە نائاساییەکان - ئاژانسی فاو دەڵێت، "زیاتر لە 80%ی خەڵک لە برسێتیدا دەژین، لە ناوچە ئاڵۆزەکانی جیهان و لەو ناوچانەن کە پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن. یەمەن، ئەفغانستان، سووریا و چەند وڵاتێكی دیکە؛ بەشێکن لە 10 وڵاتە هەرە برسییەکانی جیهان کە پێویستە سیستمی کشتوکاڵی و شێوازی دابینکردنی خۆراکیان بگۆڕدرێت."
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە 59 وڵاتی کێشەداری جیهان، 282 ملیۆن کەسی برسی هەن؛ نزیکەی 13 ملیۆنیان لە سووریان.
 
لە بیابانێکی باکووری سووریا، سێ وەرزە وشکەساڵییە. محەمەد عەلی، هاووڵاتی سووریا دەڵێت، "وشکەساڵی کاریگەریی کردەسەر زەوی. کشتوکاڵ، ئاژەڵ و ژیانی ئێمەشی وێران کردووە، جگە لە برسێتی و تینوێتی چیمان بۆ ماوەتەوە؟ نە ئاوی خوادنەوە و نە ئاوی ئاودێریمان نەماوە."
 
بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2023دا نزیکەی 800 ملیۆن برسی لە جیهاندا هەبوون؛ 18 ملیۆن زیاتر لەوانەی 2022 و 46 ملیۆن زیاتر لە 2021.
 
پێشبینییەکانیش بۆ ساڵی 2025 ئەوەیە کە سەرووی 25 ملیۆن کەسی دیکە، لەنێویاندا دوو ملیۆنی سووری، برسی دەبن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە