رووداو دیجیتاڵ
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هێرشێکیان لە سووریا رایگەیاند، سوپای ئەمریکا لە وەڵامی هێرشەکەی 15-08-2022 بۆ سەر بنکەیەکیان، هێرشێکی ئاسمانییان کردووەتە سەر هەندێک باڵەخانە کە "لەلایەن ئەو گرووپانەوە بەکاردەهێنران سەر بە سوپای پاسداران و سووریان".
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پرسیارەکانی رووداوی لەبارەی دۆخی سووریا دایەوە و رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر باڵەخانەیەک و "ئەمریکا هەموو شتێک دەکات بۆ پاراستنی هێزەکانی".
هەفتەی رابردوو درۆنێک هێرشیکردە سەر کۆمەڵێک کچی هەرزەکار لە ناوەندێکی پەروەردەیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە حەسەکە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تورکیای تۆمەتبار کرد، بەڵام ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا ناوی تورکیای نەهێنا و تەنیا سەرکۆنەی کرد.
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەوە رایگەیاند، "ئەمریکا زۆر نیگەرانی زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکانە لە باکووری سووریا، بەتایبەت کاریگەرییەکانیان لەسەر دانیشتووانی سڤیل. بەردەوامین لە پشتیوانیکردنی هێڵەکانی ئاگربەست، سەرکۆنەی هەر جۆرە زیادکردنێکی بارگرژییەکان دەکەین".
هەروەها لەبارەی دۆخی سووریا ڤێدانت پاتێل ئاماژەی بەوە دا، "گرنگە هەموو لایەک رێز لە ناوچەکانی ئاگربەست بگرن بۆ ئەوەی سەقامگیری لە سووریا بەهێزتر بێت و کاربکرێت بۆ چارەسەرێکی سیاسی بۆ ئەو ململانێیە."
دەقی پرسیار و وەڵامی جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: دوو پرسیار لەسەر سووریا، یەکەم لەسەر ئەو هێرشەی کە کرایە سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران، دەزانم فەرماندەیی ناوەندی راگەیێندراوێکی هەبوو، بەڵام هیچ شتێکی دیکە هەیە لەسەر ئەوە، هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوە چییە؟
ڤێدانت پاتێل: سوپاس بۆ پرسیارەکەت. لەسەر هێرشە ئاسمانییەکە، جگە لەوەی کە هاوکارانی ناوەندی فەرماندەیی باسیان کردووە، شتێکی دیکە نییە بۆی زیاد بکەم. بەڵام وەکو جەختکردنەوە، هەروەکو چۆن گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی دوێنێ شەو ئاماژەی پێدا، لەسەر فەرمانی سەرۆک بایدن، سوپای ئەمریکا شەوی رابردوو هێرشێکی ئاسمانی وردیان کردە سەر هەندێک باڵەخانە کە لەلایەن ئەو گرووپانەوە بەکاردەهێنران سەر بە سوپای پاسداران و سووریان. هێرشەکە لە وەڵامی هێرشی ئەو میلیشیایانە بوو (کە ئێران پشتیوانیانە) بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، لە نێویشیاندا هێرشەکانی 15ـی ئاب. ئەمریکا هەموو شتێک دەکات بۆ پاراستنی هێزەکانی، بەڵام بۆ هەر شتێکی زیاتر داوات لێ دەکەم لەگەڵ وەزارەتی بەرگری قسە بکەیت.
رووداو: پرسیارێکی دیکەم لەسەر هێرشێکی درۆنی تورکیایە بۆ سەر کەمپێکی خوێندن کە تێیدا چوار کچی هەرزەکار کوژران. دەزانم راگەیێندراوێکتان لەسەر ئەوە هەبوو و تێیدا داوای خۆبەدوورگرتن لە تووندوتیژی دەکەن، بەڵام راگەیێندراوەکەتان تەنانەت ناوی تورکیاش ناهێنێت. مەبەستم ئەوەیە ئەگەر کەسێکی وەکو بەشار ئەسەد یان رژێمێکی دیکە ئەنجامی بدایە، پێم وایە راگەیێندراوێکی زۆر تووندتان دەبوو. چ شتێکە واتان لێ دەکات کە رێگە نەدرێت کە تەنانەت ناوی ئەنجامدەری هێرشێک بهێنرێت کە تێیدا چوار کچی هەرزەکار کوژران؟ سوپاس
ڤێدانت پاتێل: جەخت لەوە دەکەمەوە کە پێشتر گوتوومانە. ئەوەش ئەوەیە کە ئەمریکا زۆر نیگەرانی زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکانە لە باکووری سووریا، بەتایبەت کاریگەرییەکانیان لەسەر دانیشتووانی سڤیل. بەردەوامین لە پشتیوانیکردنی هێڵەکانی ئاگربەست، سەرکۆنەی هەر جۆرە زیادکردنێکی بارگرژییەکان دەکەین. گرنگە بۆ هەموو لایەک رێز لە ناوچەکانی ئاگربەست بگرن بۆ ئەوەی سەقامگیری لە سووریا بەهێزتر بێت و کاربکرێت بۆ چارەسەرێکی سیاسی بۆ ئەو ململانێیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ