گەورەترین دیلگۆڕکێ لەنێوان دیمەشق و هەسەدە بەڕێوەچوو؛ نیگەرانی لە کەمیی ئازادکراوی کورد هەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ڤیڤیان فەتاح
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گەورەترین پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دەستبەسەرکراوان لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی نوێی سووریا بەڕێوەچوو، کە تێیدا 600 کەس لە هەردوولا ئازاد کران. هەرچەندە ئەمە سێیەمین قۆناخی دیلگۆڕکێیە، بەڵام زۆربەی ئازادکراوەکانی هەسەدە هاووڵاتی عەرەبن، ئەمەش ناڕەزایەتیی کەسوکاری شەڕڤانە کوردەکانی لێکەوتەوە.
 
ئەم ئاڵوگۆڕە گەورەترینە تاوەکو ئێستا کرابێت، یەکەم جار 7 کەس و دووەم جار 100 کەس ئاڵوگۆڕ کرابوون. 
 
دیلگۆڕینەوەکە بەشێکە لەو رێککەوتنەی کۆتاییەکانی مانگی کانوونی دووەم لەنێوان دیمەشق و هەسەدە بە نێوەندگیریی ئەمریکا واژۆ کرا.
 
ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو لە قامشلۆ گوتی، بڕیار بوو پرۆسەکە کاژێر 1:00ی دوای نیوەڕۆی پێنجشەممە لە حەسەکە دەستپێبکات و تێیدا هەسەدە 300 سەرباز و ئەفسەری سوپای سووریا ئازاد بکات، لە بەرامبەریشدا حکومەت 300 شەڕڤانی هەسەدە ئازاد بکات کە لە کاتی پێکدادانەکانی دێرەزوور و حەلەب بە دیل گیرابوون.
 
 
نیگەرانیی کورد و ناڕەزایەتی لە قامشلۆ
 
زۆربەی ئەو شەڕڤانانەی ئەمڕۆ لەلایەن حکومەتەوە ئازاد کران، خەڵکی رەققە و دێرەزوور و لە پێکهاتەی عەرەبن. ئەمەش وایکرد کەسوکاری شەڕڤانە کوردە بەدیلگیراوەکان لە چوارگۆشەی ئەمنیی قامشلۆ کۆببنەوە و ناڕەزایەتی دەرببڕن.
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە نێو ئامادەبوواندا بوو. خاڵۆژنی یەکێک لە شەڕڤانەکان بە هەنسکی گریانەوە گوتی: "گوتم جەژنە، خۆزگە کوڕەکانمان ئازاد بکرێن، بەڵکو کوڕەکانمان لەنێویاندا بن."
 
هاونیشتمانییەکی دیکە بە رووداوی راگەیاند: "کوڕەکەم لەنێو هێزەکانی ئاسایش بوو. دوو مانگ لەمەوبەر لە دێرەزوور دەستگیرکرا. ئێمە لیستی ناوەکانمان بینی، بەڵام ناوی تێدا نەبوو." 
 
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد کە لەو کاتەوە تەنیا ڤیدیۆی کاتی بەدیلگرتنەکەیان بینیوە و هیچ سۆراخێکی نییە.
 
برای یەکێکی دیکە لە شەڕڤانەکان گوتی: "ئەوانە کوڕانی ئێمەن، خەڵکی ئێمەن، هیوای گەڕانەوەیان دەخوازین و هیوادارین بە خێر و سەلامەتی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان."
 
 
هەڵوێستی حکومەت و ئازادکردنی شەڕڤانانی یەپەژە
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دوای نیگەرانییەکان، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) داوایان کردووە ژمارەیەک لە شەڕڤانەکانی ئەوانیش ئازاد بکرێن، چونکە ناویان لە لیستەکەدا نەبووە.
 
حکومەتی سووریا رەزامەندیی لەسەر داواکارییەکە نیشانداوە و بڕیاریداوە 30 شەڕڤانی یەپەژە ئازاد بکات.
 
ئەحمەد هیلالی، گوتەبێژی کۆمیتەی سووریا بۆ رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم، زانیارییەکەی بۆ رووداو پشتڕاست کردەوە و گوتی: "وێڕای ئەوەی ناوی شەڕڤانانی یەپەژە لەنێو ئەو لیستانەدا نەبوون، بەڵام ئێمە ئەو داواکارییەمان قبووڵ کردووە."
 
هیلالی گوتی: "ئەو شەڕڤانانەی یەپەژە بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت ئەمشەو یان سبەی دەگوازرێنەوە حەسەکە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە