رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، هێزەکانیان ئەمڕۆ هەشت درۆنی هەڵگری تەقەمەنییان لە دەوروبەری پارێزگاکانی حەما و حەلەب خستووەتە خوارەوە کە بە پێی راگەیێندراوێکی وەزارەتەکە ئامانجیان خەڵکی سڤیل بووە.
شەوی پێنجشەممە، 26-10-2023، وەزارەتی بەرگریی سووریا، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی خستەخوارەوەی ژمارەیەک درۆن لە دوو پارێزگای سووریا ئاشکرایکردووە: "یەکەکانی هێزە چەکدارەکان توانیویانە لە دەورووبەری پارێزگاکانی حەما و حەلەب ژمارەیەک درۆنی "سەر بە تیرۆریستان" تێکبشکێنن و بیانخەنە خوارەوە کە ژمارەیان هەشت درۆن بووە و هەموویان تەقەمەنییان هەڵگرتبوو کە ویستوویانە هێرش بکەنە سەر خەڵکی سڤیل."
دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و ئیسرائیل لە رۆژی 7ـی ئەم مانگەوە، ماوەی چەند رۆژێکە ژمارەیەک گرووپی چەکدار هێرشدەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە چەند ناوچەیەکی سووریا، رۆژی 12ـی ئەم مانگەش حکومەتی سووریا رایگەیاند، ئیسرائیل هێرشیکردە سەر فڕۆکەخانەکانی دیمەشقی پایتەخت و فڕۆکەخانەی حەلەب.
پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممەش، 6-10-2023، لە دوای تەواوبوونی ئاهەنگی دەرچوونی ئەفسەران، هێرشکرایە سەر کۆلێژی سەربازیی شاری حمسی سووریا، بەپێی فەرماندەیی گشتیی سوپا و هێزە چەکدارەکانی سووریا هێرشەکە لەرێگەی درۆنەوە کرابوو، بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 90 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 300 کەسیش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ