چەند سەرچاوەیەک: نووسراوی هۆزەکانی سووریا ساختەیە کە هەڕەشە لە هەسەدە دەکەن

27-07-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا دەڵێ، چەند سەرچاوەیەک دڵنیایان کردووەتەوە کە ئەو نووسراوەی بڵاوکراوەتەوە و ناوی 133 هۆزی عەرەبی سووریای لەسەرە راست نییە. 
 
جوان عەبدولکەریم سکۆ، سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا ئەمڕۆ یەکشەممە 27-7-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ چەند سەرۆک هۆزێک قسەی کردووە و پێیان راگەیاندووە، ئەو نووسراوەی 26ی مانگ بڵاوبووەتەوە دروست نییە و ساختەیە. 
 
یەکێک لە سەرۆک هۆزەکان گوتوویەتی، ئەگەر تێبینی نووسراوەکە بکەیت، ئەوا روونە کە ناوی هیچ سەرۆک هۆزێک لە تەنیشت پەنجەمۆرەکانەوە نییە. جگە لەوە، لە سووریادا هەر هۆزێک مۆری تایبەت بە خۆی هەیە و لە نووسراوەکەدا ئەوەش دەرناکەوێ. لەوەش زیاتر، ژمارەی پەنجەمۆرەکان زۆر لە ژمارەی ناوەکان کەمترە و هەمووشیان بە یەک شێواز دانراون.
 
ئەو سەرۆک هۆزە گوتوویەتی، ئەو ژمارە زۆرە لە هۆز و خێڵ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بوونیان نییە. 
 
یەکێک لە سەرۆک هۆزەکانیش پەیوەندی بە ژمارەیەک سەرۆک هۆزی دیکەوە کردووە کە هۆزەکانیان لەو نووسراوەدا ناویان هاتووە و گووتوویانە، ئاگاداری ئەو راگەیێندراوە نین. 
 
یەکێک لە سەرۆک هۆزەکان بە جوان عەبدولکەریمی گوتووە، ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو راگەیێندراوە ساختەیە بریتیە لە هاندان و دروستکردنی پشێوی.
 
لە نووسراوەکەدا ناوی 133 هۆزی عەرەبی سووریا هاتووە و هۆشداری دراوە کە ئەگەر لەو ماوەیەی بۆ "چەکدانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات" دانراوە، هەسەدە داواکارییەکە جێبەجێ نەکات، ئەوانیش هەڵوێستیان دەبێ. 

 

 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، دوای ئاگاداربوون لە بڕیاری حکومەتی سووریا لەبارەی رادەستکردنی چەک و خاکی ژێر دەسەڵاتی لە سێ پارێزگاکەی حەسەکە، رەققە و دێرەزوور لە لایەن هەسەدەوە، هەڵوێستی "یەکلاییکەرەوەیان بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان، بە جەختکردنەوە لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا دەبێ".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە