رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەیلوولی ئەم ساڵ یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە سووریا بکرێت، ئامادەکارییەکان دەستیان پێکردووە و زۆربەی پارێزگاکانیش داوای زیادکردنی نوێنەرایەتییان دەکەن لە پەرلەمانی داهاتووی وڵاتەکە.
د. نەوار نەجمە، گوتەبێژی فەرمیی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا بە رووداوی راگەیاند، "لە چەند رۆژی داهاتوودا رەشنووسی کۆتایی بۆ هەڵبژاردنەکە پەسند دەکات، دواتر ئەرک و کاری لیژنەکان بۆ هەڵبژاردنەکە دەستپێدەکات."
گوتەبێژی فەرمیی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا لە بەرنامەی "نووڕۆژ"ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، ئاماژەی بەوە کرد، خشتەیەکی "کاتیی پێشبینیکراو هەیە" بۆ گەیشتن بە هەڵبژاردن.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. نەوار نەجمە، گوتەبێژی فەرمیی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا:
رووداو: دوای ئەوەی لیژنەی باڵا رەشنووسی کۆتایی یاسای هەڵبژاردنی کاتی ئامادەکرد، چاوەڕێی هەنگاوە کردەییەکانی داهاتوو دەکرێت کە دەبنە هۆی پێکهێنانی یەکەم پەرلەمان لەم قۆناخی گواستنەوەیەدا، بۆ گفتوگۆ سەر ئەم بابەتە، لە دیمەشقەوە د. نەوار نەجمە، گوتەبێژی فەرمیی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەل لەگەڵمانە. دکتۆر نەوار، بەخێربێیت. سوپاس بۆ گفتوگۆکە.
د. نەوار نەجمە: بەخێربێن و سوپاس بۆ ئێوە.
رووداو: تایبەتمەندییە هەرە سەرەکییەکانی ئەو سیستمە نوێیەی هەڵبژاردن چییە کە ئامادەکارییەکانی تەواو بووە؟
د. نەوار نەجمە: بێگومان، وەکو ئێوە دەزانن، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەل لەسەر بنەمای مەرسوومی دەرکراو لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، بەپێی بەیاننامەی دەستووری، بۆ هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل پێکهێنراوە. لە راستیدا، بۆ ئەوەی ئەم کارە بکرێت، پێویست بوو یاسایەک، یان ئەوەی پێی دەگوترێت سیستمی هەڵبژاردنی کاتی، دابنرێت. ئامانجی دیاریکردنی ئەو میکانیزم و هەنگاوانەیە لە رێگەیانەوە ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل هەڵدەبژێردرێن و دەستنیشان دەکرێن، خاڵە سەرەکییەکانی ئەم سیستمە ئەوەیە میکانیزمێک هەیە هاوسەنگی لەنێوان هەڵبژاردن و دەستنیشانکردندا دروستدەکات. پرۆسەکە بە پێکهێنانی لیژنەکان لەسەر ئاستی ناوچە و پارێزگاکان لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە دەستپێدەکات. ئەم لیژنانە، ئەندامانی دەستەکانی هەڵبژاردنیش لەسەر ئاستی ناوچەکانی پارێزگاکان هەڵدەبژێرن، بەرێژەی ٥٠ ئەندامی دەستەی هەڵبژاردن بۆ هەر کورسییەک لە ئەنجوومەنی گەلدا. دوای ئەوە، دەچینە قۆناخی دووەم، کە قۆناخی هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنەکان لەنێو دەستەکانی هەڵبژاردندا دەکرێن، ئەندامانی دەستەکانی هەڵبژاردن مافی ئەوەیان هەیە خۆیان بەربژێر بکەن یان دەنگ بدەن بۆ ئەندامێتیی ئەنجوومەنی گەل. بەم شێوەیە، ئەم هەڵبژاردنانە لەنێو دەستەکانی هەڵبژاردندا دەبن و دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل دەردەخەن. بەمشێوەیەش بەشە سەرەکییەکەی ئەنجوومەنی گەل پێکدەهێنرێت، دواتر هەنگاوی کۆتایی دەمێنێتەوە، کە بریتییە لەوەی سەرۆککۆمار سێیەکی کۆتایی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل دەستنیشان بکات، بەمجۆرە ئەنجوومەنی نوێی گەلمان دەبێت بۆ قۆناخی گواستنەوە.
رووداو: کەی پێشبینی دەکەن ئەم رەشنووسە لەلایەن سەرۆکی سووریاوە پەسند بکرێت؟
د. نەوار نەجمە: پێموایە دەبێت لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا بێت، ئەم رەشنووسە چەندین جار لەگەڵ سەرۆک گفتوگۆی لەسەر کراوە و گەیشتووینەتە رەشنووسی کۆتایی، هیواخوازم ئەم یاسایە لە ماوەیەکی نزیکدا بڵاوبکرێتەوە.
رووداو: ئایا دوای پەسندکردنی، خشتەیەکی کاتیی روون بۆ دەستپێکردنی پێکهێنانی لیژنەکان ، دەستەکانی هەڵبژاردن و دەستپێکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن دانراوە؟
د. نەوار نەجمە: بەڵێ، خشتەیەکی کاتیی پێشبینیکراو هەیە، دوای بڵاوکردنەوەی سیستمی هەڵبژاردن، یەکسەر دەست بە پێکهێنانی لیژنەکان دەکرێت، رەنگە ئەمە چەند رۆژێک تا هەفتەیەک بخایەنێت،دواتر دەرفەت دەدرێتە خەڵک بۆ ئەوەی تانەی لێبدەن. هەرکاتێک لیژنەکان پەسند کران، دەست بە پێکهێنانی دەستەکانی هەڵبژاردن دەکرێت، پێموایە ئەم کارە دەکرێت لە کۆتایی مانگی ئاب یان سەرەتای مانگی ئەیلوولدا تەواو بێت، ئەگەر دۆخەکە بە شێوەیەکی ئاسایی بڕوات.
رووداو: میکانیزمی پێکهێنانی لیژنەکان چییە و پێوەرەکانی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەو لیژنانە چین کە ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل هەڵدەبژێرن؟
د. نەوار نەجمە: بێگومان لیژنەکان لەلایەن لیژنەی باڵاوە بە راوێژ لەگەڵ کەسایەتییە کۆمەڵایەتی، پیشەیی، هێزە کاریگەرەکان، کۆمەڵگە و دەسەڵاتدارە خۆجێیەکان پێکدەهێنرێن. راوێژی فراوان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی لیژنەکان دەکرێت. هەڵبژاردنیان پرسێکی زۆر هەستیارە، چونکە ئەوان ئەندامانی دەستەکانی هەڵبژاردن دەستنیشان دەکەن، بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی لیژنەکان چەندین پێوەر و مەرج دانراون، بە کورتی، گرنگترین پێوەرەکان ئەمانەن:
دەبێت هاووڵاتیی سووریا بێت، دانیشتووی پارێزگاکە بێت، لە سووریا نیشتەجێ بێت. نیشتەجێبوون لە سووریا بۆ ئەندامانی لیژنە لقەکان مەرجە، بەڵام بۆ دەستەکانی هەڵبژاردن مەرج نییە. دەبێت خاوەن ناوبانگێکی باش، شایستەیی تەواوی یاسایی، بڕوانامەی زانکۆیی و لێهاتوو بێت. نابێت لەگەڵ هیچ پێکهاتەیەکی کۆمەڵگەدا ناکۆک بێت. هەروەها دەبێت بە هیچ شێوەیەک، نە بە گوتار و نە بە کردار، پشتگیریی رژێمی پێشووی نەکردبێت. دەبێت هیچ پەیوەندییەکی بە هێزە ئەمنییەکان یان سوپاوە نەبێت بۆ مسۆگەرکردنی بێلایەنیی ئەم دامەزراوانە.
رووداو: دەمەوێت لەسەر خاڵی هاووڵاتیبوون بوەستم. ئێوە دەزانن دوای ساڵی 2011، هەندێک کەس کە پێشتر لە هاووڵاتیبوون بێبەش کرابوون، لە ساڵانی دواییدا دووبارە بەدەستیان هێنایەوە.،ئایا مافی ئەوەیان هەیە لەنێو ئەندامانی لیژنەکان یان دەستەکانی هەڵبژاردندا بن؟
د. نەوار نەجمە: لە راستیدا، هەر کەسێک تاوەکو مانگی ئایاری 2011 هاووڵاتیبوونی سووریای بەدەستهێنابێت، مافی ئەوەی هەیە ببێتە ئەندام. بەڵام ئەو کەسانەی دوای ئایاری 2011 هاووڵاتیبوونیان بەدەستهێناوە، مافی ئەوەیان نییە ببنە ئەندامی لیژنە لقەکان یان دەستەکانی هەڵبژاردن. ئێمە مانگی ئایارمان وەک کاتەکە هەڵبژارد، چونکە لە مانگی نیسانی 2011ـدا مەرسوومێک دەربارەی پێدانی ناسنامە بە برا کوردەکان دەرچووبوو.
رووداو: ئایا ناوی ئەندامانی لیژنەکان دوای پێکهێنانیان یەکسەر رادەگەیێندرێن؟
د. نەوار نەجمە: بێگومان، دوای قۆناخی پەسندکردن و تانەلێدان، ناوی لیژنەکان بە شێوەیەکی ئاشکرا بۆ خەڵک رادەگەیێندرێن بۆ ئەوەی راستەوخۆ دەست بە کارەکانیان بکەن.
رووداو: نوێنەرانی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا چۆن هەڵدەبژێردرێن؟
د. نەوار نەجمە: لە راستیدا، هیواخواز بووین سەردانی پارێزگاکانی رەققە و حەسەکە بکەین، ئێمە زۆر پەرۆشی بەشداریی خەڵکی ئەو دوو پارێزگایەین. بەداخەوە نەمانتوانی سەردانی هەردوو پارێزگاکە بکەین. ئێمە لەگەڵ ریشپی و چالاکڤانانی ئەو ناوچانە لە دیمەشق لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی گەل کۆبووینەوە. گفتوگۆی باش کرا، ئەگەر پرۆسەی سیاسی پێشبکەوێت، هیواخوازین سەردانی ئەو ناوچانە بکەین و هەڵبژاردن بکەین. ئەگەر ئەمە روونەدات، میکانیزمی دیکە دەبێت، بەڵام ئێمە گەرەنتیی ئەوە دەکەین نوێنەرایەتیی ئەم پارێزگایانە لە ئەنجوومەنی گەلدا هەبێت.
رووداو: سەبارەت بە پارێزگای سوەیدا چی؟ لیژنەی باڵا چۆن ئامادەکاری دەکات بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی ئەو پارێزگایە لە سایەی ئەم دۆخە ئەمنی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەی ئێستا؟
د. نەوار نەجمە: ئەوەی بۆ رەققە و حەسەکە راستە، بۆ سوەیداش راستە، نزیکەی مانگێکە هەوڵدەدەین سەردانی ئەوێ بکەین، بەڵام بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە ناتوانین، ئەگەر دۆخەکە باشتر بێت، سەردانی دەکەین. ئەگەرنا بۆ هەر سێ پارێزگاکە، میکانیزمی دیکە دەبێت بۆ مسۆگەرکردنی نوێنەرایەتییان لە ئەنجوومەنی گەلدا.
رووداو: ئێوە چەندین راوێژی مەیدانیتان کردووە. داواکاری هەن بۆ زیادکردنی ژمارەی کورسیی هەندێک پارێزگا. ئایا ئەمە دەکرێت؟
د. نەوار نەجمە: لە راستیدا لە هەموو پارێزگاکان داوای زیادکردنی کورسی هەبوو. پێموایە زیادکردنێک روودەدات. ئێمە چاوەڕێی دەرچوونی یاسای هەڵبژاردنەکەین کە ئەم خاڵە بە شێوەیەکی جەختکراوە دیاری بکات.
رووداو: ئەم زیادکردنەی ژمارەی کورسییەکان چەند دەبێت؟
د. نەوار نەجمە: زیادکردنێکی باش دەبێت هەموو پارێزگاکان و خەڵک رازی بکات.
رووداو: کام پارێزگا زۆرترین داوای زیادکردنی کورسی دەکات؟
د. نەوار نەجمە: لە راستیدا لە هەموو پارێزگاکان داوای زیادکردنی ژمارەی کورسی هەبوو. ئێوە دەزانن پێشتر ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا لەمە زیاتر بوو، نزیکەی دوو هێندە بوو. بۆیە هەموو پارێزگاکان داوای زیادکردنی کورسییان کرد و پێموایە لیژنەکە وەڵامی ئەم داواکارییە دەداتەوە.
رووداو: زۆر سوپاس دکتۆر نەوار نەجمە، گوتەبێژی فەرمیی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەل. تۆ لە شامەوە میوانی ئێمە بوویت. سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
د. نەوار نەجمە: سوپاس بۆ ئێوە، زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ