بەرپرسێکی مەسەدە: گفتوگۆمان لەگەڵ دیمەشق بەرەو رێککەوتن دەچێت

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
حەسەن محەممەد عەلی، هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە).
حەسەن محەممەد عەلی، هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە).
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی مەسەدە دەڵێ، گفتوگۆی شاندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی کاتیی سووریا بەرەو رێککەوتن دەچێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''پێموایە لە رۆژانی داهاتوودا راگەیێندراوێکی فەرمی لەو بارەیەوە بڵاودەکرێتەوە''.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-01-2026، حەسەن محەممەد عەلی، هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشیکرد، سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) خوازیاری چارەسەرکردنی گرفتەکانن لە رێگەی دانوستاندن و دیالۆگەوە.
 
حەسەن محەممەد ئاماژەی بە دانوستاندنی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دیمەشق کرد تایبەت بە بەڕێوەبردنی رۆژئاوای کوردستان و گوتی: ''ئێستا سەبارەت بەو ناوچانەی کە وەک هێڵی سوور بەرخودانیان تێدایە، گەنگەشە لەسەر چۆنیێتیی بەڕێوەبردنیان دەکرێ، بە شێوەیەک ئەو دامەزراوانەی ئەو ناوچانە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە.''
 
بەگوتەی هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی مەسەدە، رێککەوتن لەسەر هەندێک دۆسیە کراوە و رایگەیاند: ''پێویستە کورد لەو ناوچانە ئاسایشی خۆیان بپارێزن و لە رێگەی دامەزراوەکانی خۆیانەوە ناوچەکە بەڕێوەببەن، بەڵام بە فەرمی ئەوە رانەگەیێندراوە.''
 
وەک حەسەن محەممەد دەڵێ، کار لەسەر ئەوە دەکرێ کە هەسەدە لە ناوچە کوردییەکاندا پێگەی هەبێ، ''بەڵام تاوەکو دەستووری سووریا نەنووسرێتەوە، گەرەنتییەک نییە کە ئەوە جێبەجێ بکرێ''.
 
هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی مەسەدە ئەوەشی خستەڕوو، گفتوگۆکان لەنێوان دیمەشق و هەسەدە بەردەوامن و ''پێموایە لە رۆژانی داهاتوودا راگەیێندراوێکی فەرمی لەوبارەوە بڵاودەکرێتەوە''.
 
حەسەن محەممەد سەبارەت بە کاتی راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتیی سووریا دەڵێت: ''کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاندی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ دیمەشق ماوە کە جاری پێشوو بەڕێز مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد چووبوون. ماوەیەک دانراوە کە هەندێک پرسی دیکەش ببرێنە نێو گفتوگۆکانەوە، چونکە لە ناوچەکانی ئێمە گەلێک دۆسیە هەن و چارەسەرکردنیان ئاسان نییە. پێموایە زۆربەی گەنگەشەکان بەرەو رێککەوتن دەچن.'' 
 
سەبارەت بە هێڵی سووری شاندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە کاتی دانوستاندنەکان، ئەو بەرپرسە گوتی: ''پێویستە ناوچە کوردییەکان ئیدارەیەکی تایبەت بە خۆیان هەبێ کە جزیرە، کۆبانی، عەفرین و سەرێکانیش دەگرێتەوە. نابێ سوپا بچێتە ئەو ناوچانە، بەڵکو دەبێ خۆیان ئاسایشی خۆیان بەڕێوەببەن. تەنیا میکانیزمی نێوان ئەوان (هەسەدە) و دیمەشق دەمێنێتەوە کە چۆن رێکبکەون.''
 
هێرشی سووپای عەرەبیی سووریا بۆ گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە 06ـی ئەم مانگەوە دەستیپێکرد و دواتر تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری گرتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاتی گەیشتنی ئەو گەنجە بە سووریا و پێشوازیکردنی

عێراق تاوانبارێک رادەستی سووریا کردەوە بە لە سێدارەدان سزادراوە

حکومەتی عێراق هاووڵاتییەکی سووری رادەستی وڵاتەکەی کردەوە پێشتر لەلایەن دادگەیەکی نەجەفەوە بە تۆمەتی "ستایشکردنی ئەبووبەکر بەغدادی" سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، میدیای فەرمیی سووریاش دەڵێت "تۆمەتەکانی لەسەر لابراوە".