رووداو دیجیتاڵ
مانگی شەش کۆنفڕانسی عەرەبی، کە هاوشێوەی کۆنفڕانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردییە، لە سووریا دەکرێت. ئەندامێکی لیژنەی ئامادەکاریش دەڵێت، هەوڵدەدەن وەکو کۆنفڕانسی کوردی هەموو هێزە جیاوازە عەرەبییەکان بەشداری تێدا بکەن.
محەممەد ترکاوی، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆنفڕانسی عەرەبی لە سووریا لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە لە لایەن نالین حەسەنەوە پێشکێش دەکرێت، ئاشکرای کرد، لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو کۆنفڕانسی عەرەبی لە سووریا هاوشێوەی کۆنفڕانسی کوردی بەڕێوەدەچێت و تەنیا لایەنە عەرەبییەکان بەشداری تێدا دەکەن.
محەممەد ترکاوی دەڵێت: "یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم کۆنفڕانسە کۆکردنەوەی رۆڵەکانی عەرەبە لەم وڵاتە، دووپاتکردنەوەیە لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و گەلەکەی و خستنەگەڕی توانا عەرەبییەکانە بۆ سەقامگیری و بوونیاتنانەوەی سووریا."
رۆژی شەممە، 26/4/2025، لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان کۆنفڕانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردی بەڕێوەچوو، تێیدا لایەنە سیاسییەکان، کەسایەتی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نوێنەری سەرۆک بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان ئامادەبوون.
محەممەد ترکاوی رەتیکردەوە کە ئەم کۆنفڕانسە پەیوەندی بە کۆنفڕانسی کوردییەوە هەبێت و گوتی: "هیچ پەیوەندییەکی بە کۆنفڕانسی کوردییەوە نییە و دژی ئەویش نییە، رەنگە بیرۆکەکە لەو سەرچاوەی گرتبێ کە کۆنفڕانسێکی سەرکەوتوو بوو، ئێمەش هیواخوازین کۆنفڕانسەکەشمان وەکو ئەو سەرکەوتوو بێت."
کۆنفڕانسی یەکڕێزی و یەکهەڵوێستی کوردی لە لایەن سەرۆکایەتی سووریاوە رەخنەی لێگیرا، لە راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی سووریادا کە رۆژی یەکشەممە تەنیا رۆژێک دوای کۆنفڕانسەکە بڵاوکرایەوە هەموو جۆرێکی فیدراڵی و بەرێوەبەرایەتی خۆسەری رەتکردەوە.
ئەندامی ئامادەکاری کۆنفڕانسی عەرەبی گوت: "رەنگە هەندێ تێبینیمان لەسەر کۆنفڕانسی کوردی هەبێت، ئەوەش سەرکردایەتی سووریا لە راگەیێندراوێکدا خستیەڕوو، مەبەستمان لە سەرکەوتوویی کۆنفڕانسەکە ئەوەیە کە هەموو لایەنەکان بەشداربوون، ئێمەش دەمانەوێت وەکو ئەو کۆنفڕانسە هەموو لایەنە عەرەبییەکان بەشدار بن."
محەممەد ترکاوی هەروەها گوتی: "ئێستا کار دەکەین بۆ ناردنی بانگێشتنامە بۆ عەرەبەکان و لە ئایندەدا کار بۆ هەنگاوێکی گەورەتر دەکەین ئەویش کۆنگرەیەکی دیکەیە و ئەو کات هەموو پێکهاتەکان سووریا لە خۆ دەگرێت، بەڵام ئێستا تواناکانمان کەمترە لەوەی هەموو پێکهاتەکانی سووریا کۆبکەینەوە."
لە کۆنفڕانسی یەکڕێزی و یەکهەڵوێستی کوردی بەڵگەنامەیەکی 26 خاڵی پەسندکرا کە شێوازی پەیوەندی نێوان کورد و دیمەشق، هەروەها مافە سەرەکییەکانی دەستنیشانکردووە و داوا دەکات کە ناوچە کوردییەکان پێکەوە ببەسترێنەوە و لە یەک یەکەی ئیداریدا کۆبکرێنەوە.
لەبارەی کاتی کۆنفڕانسەکە و ئەندامانییەوە، ئەو ئەندامەی لیژنەی ئامادەکار دەڵێت، کۆنفڕانسەکە لە سەرەتای مانگی حوزەیران دەبێت، بەڵام شوێنەکە تائێستا دیارینەکراوە، ئێمە لە پەیوەندیدان لەگەڵ هێزە و کەسایەتییە عەرەبییەکان، دواتر ژمارەی ئەندامانی دەستنیشان دەکرێت.
لەبارەی بیرۆکەی کۆنفڕانسەکەوە، محەممەد ترکاوی گوتی: "بیرۆکەکە هی مەحموود دەحام مسلت بووە ( کە هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتە) و ئێمە وەکو تیمێک لەگەڵ ئەو کاردەکەین، تائێستا هیچ وڵاتێک پشتگیری لە ئێمە نەکردووە، بەڵام بڕیارمان داوە بانگێشتنامە بۆ چەند وڵاتێکی دۆست بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی بنێرین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ