سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر سووریا؛ لە دەرفەتەوە بۆ نیگەرانی لە رەفتارەکانی تەحریر شام

31-10-2025
دیار کوردە @diyarkurda
ئەمریکا دەرفەتی دایە حکومەتەکەی شەرع بەڵام ئێستا نیگەرانە
ئەمریکا دەرفەتی دایە حکومەتەکەی شەرع بەڵام ئێستا نیگەرانە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

مانگێکی دیکە نزیکەی ساڵێک بەسەر رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد و هاتنە سەر دەسەڵاتی تەحریر شام، بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع لە سووریا تێدەپەڕێت.

ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە لە ناوچەکەدا، سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشی خستووەتە ژێر وردبینی و پرسیاری جیدییەوە، بەتایبەتی لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵاتێکی نوێ کە رابردوویەکی جیاوازی هەیە.
 
سەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتی تەحریر شام، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئومێدی گۆڕانکاری و دامەزراندنی حکومەتێک کە نوێنەرایەتیی هەموو سوورییەکان بکات، دەرگاکانی بەڕووی ئەم دەسەڵاتە نوێیەدا کردەوە.
 
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە واشنتنیش، بە لۆژیکی "پێدانی دەرفەتێک" بەو حکومەتە بۆ سەقامگیرکردن و بنیاتنانەوەی وڵات، بەشێکی زۆری ئەو سزایانەی لەسەر سووریا سەپاندبوونی هەڵگرتن.
 
بەسام ئیسحاق، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە واشنتن، لەبارەی ئەم سیاسەتەوە بە رووداوی راگەیاند: "لۆجیکی واشنتن و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە حکومەتی راگوزەری سووریا ئەوەیە، پێویستیان بە دەرفەتێکە تاوەکو بتوانن ئاسایش بۆ وڵاتەکە بگەڕێنەوە، پێدانی ئەو دەرفەتەش، واتە دەرفەتی ئابووری، تاوەکو بتوانن لەڕووی ئابوورییەوە ژێرخانی ئاسایش بنیادبنێنەوە، ئەمەش پێویستی بەوەیە سزاکانی سیزەر هەڵبگیرێن وەک نموونە."
 
هەرچەندە ئەحمەد شەرع، لەگەڵ یەکەمین دەرکەوتنەکانی وەک سەرۆکی کاتیی سووریا، چەندین بەڵێنی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پێکهاتەکانی سووریاش دا، کە حکومەتەکەی نوێنەرایەتیی هەموو سووریا دەکات و مافەکانیان دەپارێزێت، بەڵام ئەم قسانە هیچ رەنگدانەوەیەکی لەسەر کردارەکانی حکومەتەکەی نەبوو. بە پێچەوانەوە، چەندین رووداوی هێرشکردنە سەر پێکهاتەکان تۆمارکران، کە ئەمەش وایکرد هیچ یەکێک لە پێکهاتەکانی سووریا هەست بە ئاشتی و سەلامەتی نەکەن.
 
بەسام ئیسحاق لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "بەڵام کێشەکە ئەوەیە، لە روانگەی پێکهاتەکانی سووریا، ئەم هێزە ئەمنییەی ئێستا هەیە، پۆلیس و هێزەکانی دیکە هەمووی یەک رەنگن، ئەمەش وا ناکات پێکهاتەکان هەست بە ئاشتی و سەلامەتی بکەن، بەتایبەتیش لەدوای ئەو رووداوانەی لە ناوچە کەناراوییەکان و هەروەها لە ناوچەی دروزەکان لە سوەیدا روویاندا." ئەم دۆخە، گومانی لەسەر پابەندبوونی حکومەتەکە بە بەڵێنەکانی دروست کردووە.
 
ئیدارەی ئەمریکا بە پاساوی پێدانی دەرفەتێکی نوێ بۆ خۆ بنیادنانەوە، "نەرمییەکی زۆر"ـی بۆ حکومەتی سووریا نواندووە. بەشێک لە بۆچوونەکان لە واشنتن ئەوە دەڵێن کە ئەمریکا بژاردەی باشتری لە ئەحمەد شەرع نییە و نایەوێت دەرگا بۆ گەڕانەوەی ئێران و رووسیا بکاتەوە، بۆیەش هەرچۆنێک بێت دەیەوێت هاوکاری ئەم حکومەتەی ئێستای سووریا بێت تاوەکو رەفتارەکانی باشتر بکات.
 
بەڵام بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان لە واشنتن لەم سیاسەتە نیگەرانن و پێیانوایە، دەبێت ئەمریکا بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم حکومەتە بکات و سەیری رەفتارەکانیشیان بکات، نەک بە تەنیا گوێ بۆ قسەکانیان بگرێت.
 
د. ئەیمی ئۆستن، شارەزای کاروباری سووریا، لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو دەڵێت: "پێموایە ئێمە لە قۆناخێکدایەن کە پێویستە بە وریاییەوە سەیربکەین کە حکومەتی سووریا چی دەکات، نەک چی دەڵێت، کە ئایا دەتوانن سازش بکەن و دۆخێکی ئاشتیانە بخوڵقێنن وەک لە حەلەب کردیان یان نا، من خۆم زۆر بێهیوابووم بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانیش، وەک دەزانن چەندین ناوچەی گرنگی وڵاتەکەیان پشتگوێ خستبوو وەک سوەیدا و حەسەکە و رەقە، پڕۆسەکە زیاتر پڕۆسەیەکی دانان بوو، نەک هەڵبژاردنی راستەقینە، پێموایە نزیکەی سەدا چواری ئەوانەی دیاریکرابوون ئافرەت بوون، ئەمەش کەمترە لەو رێژەیەی ژنان لە پەرلەمان لە ژێر دەسەڵاتی ئەسەد دا."
 
ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بە تەواوەتی لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی سووریایە و نایەوێت ئەم وڵاتە دابەش ببێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە واشنتن بەلایەوە گرنگە حکومەتی نوێی سووریا، حکومەتێکی گشتگیر بێت و نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان بکات و مافەکانیان هەر لە زمان و شوناس تاوەکو دەگاتە پرسی خوێندن و بەشدارییان لە دەسەڵات پارێزراو بێت.
 
لەگەڵ ئەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت دەرفەتێک بە حکومەتی کاتیی سووریا بدات تاوەکو وڵاتەکە بنیادبنێنەوە و هەروەها نەبنە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ناوچەکە، لەهەمان کاتدا، لەسەر ئاستی کۆنگرێس و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەش لە واشنتن، نیگەرانی زۆر بەرامبەر بە رەفتارەکانی ئەو حکومەتە و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ پێکهاتەکاندا هەیە. بۆیەش داوا دەکەن، ئەگەر سزاکانیش لادەبرێن، بە شێوەی مەرجدار بن و چاودێرییەکانیش تووندتر بکرێن. ئەم سیاسەتە هاوسەنگە، ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و دڵنیابوونە لە داهاتوویەکی ئاشتیانەتر بۆ سووریا، بەڵام جێبەجێکردنی لەسەر زەوی پڕە لە ئاڵۆزی.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤۆلۆدیمیر زیلینکسی، سەرۆکی ئۆکراینا و ستیڤ ویکتۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە ئەڵمانیا کۆبوونەوە. وێنە: AFP

ئۆکراینا: لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەمریکا پێشکەوتنی راستەقینە بەدەستهاتووە

بەرپرسی باڵای دانوستاندنکاری کیێڤ رایگەیاند، لە چوارچێوەی گفتوگۆ چڕەکانی دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی لە بەرلین، کە بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا بەڕێوەچوو، "پێشکەوتنی راستەقینە" بەدەستهاتووە.