پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: پێویستە ئەندامانی لیژنەی پرۆسەی چارەسەری سەردانی ئۆجەلان بکەن

02-08-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە هاوکات ئەندامی لیژنەکەی پەرلەمانە بۆ پرۆسەی چارەسەری، بە پێویستی دەزانێ ئەندامانی لیژنەکە سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بکەن.
 
مەراڵ دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئەرزەڕۆم، رۆژی شەممە، دووی تەممووزی 2025 لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، دەبێت کاری سەرەکیی لیژنەکەی پەرلەمان ''چارەسەرکردنی پرسی کورد بێت''. 
 
بێشتاش ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێکی دیکە لەو کارانەی پێویستە لیژنەکە بۆ بەرەپێشبردنی پرۆسەکە بیکات، کارکردنە لە چوارچێوەی یاسادا بۆ نەهێشتنی دانانی قەییوم.
 
ئەندامەکەی دەم پارتی لەبارەی شێوازی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی لیژنەکە گوتی: ''بە ئەگەرێکی زۆرەوە دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوەدەچن، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەبێت بە شەفافییەوە بکرێن. ئێمە گرنگییەکی زۆر بە شەفافییەت دەدەین''.
 
بێشتاش باسی لەوە کرد، پێویستە ئەندامانی لیژنەکەی پرۆسەی چارەسەری سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بکەن، ''چونکە بەڕێز ئۆجەلان ئەو کەسەیە بانگەوازی 27ی شوباتی کرد و کاراکتەرێکی زۆر گرنگە لە دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیەدا''.
 
لیژنەی پرۆسەی چارەسەری بڕیاربوو لە 51 ئەندام پێکبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئیی پارتی بڕیاری بەشدارینەکردنی داوە، بۆ 48 ئەندام دابەزیوە.
 
ئاکپارتی بە 21 ئەندام، جەهەپە بە 10 ئەندام، هەریەک لە دەم پارتی و مەهەپە بە 4 ئەندام، پارتی رێگەی نوێ بە 3 ئەندام و هەر یەک لە پارتی دۆزی ئازاد (هودا پار)، پارتی کرێکارانی تورکیا، پارتی رەنج، پارتی چەپی دیموکرات و پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە یەک ئەندام بەشداری لە لیژنەکەدا دەکەن.
 
لیژنەکە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 05-08-2025 بە سەرپەرشتی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە و بە فەرمی دەست بە کارەکانی دەکات.
 
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لە تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە دەستیپێکرد.
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە لای راستەوە: تونجەر باکرهان، ئۆزگور ئۆزەل، ئەحمەد داودئۆغڵو، ئەردۆغان.

'کێ جەللادی کوردە؟' ئاکپارتی لاپەڕەی کۆن و جەهەپە لاپەڕەی نوێ هەڵدەداتەوە

"کێ جەللادی کوردە؟" ئەو دەستەواژەیە رۆژەڤی تورکیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن بە "جەللادەکە" دەزانێت و ئۆپۆزیسیۆنیش، دەسەڵات بە کوشتنی کوردان تۆمەتبار دەکات.