رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی ئامادە بێت و زانیاریی ورد لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر تورکیا بداتە پەرلەمانتاران.
ئۆزلەم زەنگین، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەماندا رایگەیاند، دوای ئەوەی فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزیسیۆن (جەهەپە و ئیی پارتی) داوایان کرد پەرلەمان لە پێشهاتە سەربازییەکانی ناوچەکە ئاگادار بکرێتەوە، پەیوەندیی بە هاکان فیدانەوە کردووە و بڕیاردراوە رۆژی سێشەممە وەزیری دەرەوە لە پەرلەمان گوتارێک پێشکەش بکات.
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی ئاماژەی بە گوتارێکی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد و گوتی: "هەڵوێستی ئێمە روونە و داوای ئاشتی دەکەین. وەک سەرۆککۆمارمان گوتی، دەمانەوێت بە وریایی و دانبەخۆداگرتنەوە مامەڵە بکەین بۆ ئەوەی زیان بە هیچ هاووڵاتییەکی ئێمە نەگات، بەڵام لە بەرامبەر زۆرداریشدا بە پێداگرییەوە دەوەستینەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئۆزلەم زەنگین باسی لە رووداوێکی مەترسیدار کرد و رایگەیاند، مووشەکێکی بالیستی کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوو و بەرەو ئاسمانیی تورکیا دەهات، لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ناتۆوە لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست پووچەڵکراوەتەوە.
زەنگین گوتی: "ئەم رووداوە نیشان دەدات کە بابەتەکە چەندە جیدییە؛ هەوڵدەدرێت تورکیاش پەلکێشی نێو ئەم تاریکییە بکرێت. ئەمەش وا دەکات پێویستمان بە یەکڕیزیی و هەڵوێستێکی روونتر هەبێت."
بڕیارە لە دانیشتنەکەی رۆژی سێشەممەدا، هاکان فیدان جگە لە خستنەڕووی زانیارییەکان، وەڵامی پرسیاری فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان بداتەوە لەبارەی ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا و ئایندەی ململانێکانی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ