ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: رێگە نادەین دەرفەتەکانی بەردەم تورکیا لەبار ببرێن

05-01-2026
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی کابینەی وەزیرانی وڵاتەکەی کە رۆژی دووشەممە، 5ی کانوونی دووەمی 2026، لە ئەنقەرە رایگەیاند، ئەو پەنجەرەی دەرفەتەی لەبەردەم تورکیا کراوەتەوە، بە تەواوی دەکەنەوە و رێگە نادەن لەبار ببرێت.
 
ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی کابینەی وەزیرانی تورکیا بوو لە ساڵی نوێدا و بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکە 2 کاژێر و 15 خولەکی خایاند.
 
یەکێک لە مژارەکانی کۆبوونەوەکە پرۆسەی چارەسەری بوو، کە حکومەتی تورکیا بە 'پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر' ناوی دەبات.
 
ئەردۆغان گوتی:" بەڵای تیرۆر کە دەیان ساڵە بە شێوازی جیاواز بەرەنگاری دەبینەوە، کەلەپچەیەکی ئیمپریالیستییە لە پێی تورکیا دراوە. داعش، فەتۆ، دهەکەپەجە (DHKP-C) و پەکەکە؛ بۆ ئەم مەبەستە هەموو پێکهاتە نایاساییەکان وەک ئامرازێک بەکارهێنراون".
 
هەروەها لەبارەی پرۆسەی چارەسەری قسەی کرد کە 1-10-2024 لەڕێی دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد و ئێستا گەیشتووەتە قۆناخێک کە لە مێژووی کۆماری تورکیادا هیچ کات نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە.
 
ئەردۆغان گوتی: "لە سایەی تێکۆشانی داستانئاسای هێزە ئەمنییە قارەمانەکانمان، ئەو دەرفەتانەی هەنگاوەکانی پیشەسازیی بەرگریمان بە وڵاتەکەمانیان بەخشیوە، ئەو چاکسازییە مێژووییانەی لە بوارەکانی ماف و ئازادییەکاندا کردوومانە و تێگەیشتنی قووڵی گەلەکەمان؛ دەرفەتێکی گرنگ بۆ رزگاربوونی هەمیشەیی لە بەڵای تیرۆر کەوتووەتە دەستمان. ئێمە ئەو پەنجەرەی دەرفەتە کە لەبەردەم وڵاتەکەماندا کەمێک کراوەتەوە، بە تەواوی دەکەینەوە و هەرگیز رێگە نادەین ئەم دەرفەتە لەبار ببرێت".
 
زیاتر لە ساڵێكە پرۆسەیەکی نوێ بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکردووە.
 
کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا، لە پێنجی ئابی 2025 ـدا دەستبەکار بوو. 
 
کۆمیسیۆنەکە لە 19 کۆبوونەوەدا گوێی لە چین و توێژە جیاوازەکان گرت. ئیدی قۆناخی گوێگرتن کۆتاییهات و پێی نایە قۆناخێکی نوێ کە ئامادەکردنی راپۆرتی کۆمیسیۆنەکە بوو. 
 
ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنەکە لە 31ی کانوونی یەکەمی 2025 کۆتایی دەهات، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنەکە تاوەکو 31ی کانوونی یەکەم ئامادە نابێت، کۆمیسیۆنەکە رۆژی 24 ـی کانوونی یەکەمی 2025 بۆ 20ـەمین جار کۆبووەوە. بە دەنگدان بڕیاردرا ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنەکە لە قۆناخی نووسینی راپۆرتدا بۆ دوو مانگ درێژ بکرێتەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا

وەزیری بەرگریی تورکیا: دەبێت پەکەکە و هەسەدە چەک رادەست بکەن

وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت، گرنگە پرۆسەی چارەسەری تایبەت بە پرسی کورد لە وڵاتەکەی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت پەکەکە، یەپەگە، پەیەدە و هەسەدە کۆتایی بە چالاکییەکانیان بهێنن و بێ مەرج چەکەکانیان رادەست بکەن