رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "ئاگاداری ئەو یاری و تەڵانەین کە دادەنرێن. لەو خاڵەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین، تورکیا بۆ ئاسایشی خۆی هەموو جۆرە هەنگاوێک لە دەرەوەی سنوورەکانیشی دەنێت. لە هەر شوێنێک هەڕەشە و مەترسیی هەبێت، لە سەرچاوەکەیەوە لەنێویان دەبەین."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆشکی چانکایا لە یەکەم رۆژی رەمەزان لە تورکیا (دووەم رۆژی رەمەزان لە هەولێر) بەشداریکرد لە "بەرنامەی بەربانگ لەگەڵ خانەوادەی شەهیدان" گوتارێکی پێشکێش کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "گەلەکەمان بۆ ئەوەی ئەم خاکەی هەزار ساڵە تێیدا دەژی، بیکاتە نیشتمانی خۆی، بە رێگەی زۆر سەختدا تێپەڕیوە. چەندین شارمان تاڵان کران، شارۆچکە و گوندەکانمان سووتێنران و وێران کران. بەڵام هەرچییان کرد، نەیانتوانی لەم خاکە دەرمان بکەن. نەیانتوانی بانگەکانمان بێدەنگ بکەن و ئاڵاکەمان دابگرن. گیانمان بەخشی، جگەرگۆشەکانمان کە لە گیانمان ئازیزتر بوون، بەخاک سپارد. بەڵام هیچ کاتێک دەستبەرداری داهاتوومان نەبووین".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەردۆغان باسی لە سەردەمی دەسەڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: "23 ساڵە خەبات بۆ پاراستنی ئەم ئەمانەتانە دەکەین. ئەمڕۆ سیاسەتی جیهان سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە. لە دەوروبەری نزیکماندا گرژیی زۆر جددی هەن. رووە ناشیرینەکانی ئەو ئەکتەرانەی ساڵانێک بوو وانەی رەوشت و دیموکراسییان پێ دەگوتینەوە، یەک لەدوای یەک ئاشکرا دەبن. دەوڵەتەکەمان ئەم پرۆسە سەختانە بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتوو بەڕێوەدەبات. ئاگاداری ئەو یاری و تەڵانەین کە دادەنرێن."
هەر لەمبارەیەوە گوتی: "لەو خاڵەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین، تورکیا بۆ ئاسایشی خۆی هەموو جۆرە هەنگاوێک لە دەرەوەی سنوورەکانیشی دەنێت. لە هەر شوێنێک هەڕەشە و مەترسیی هەبێت، لە سەرچاوەکەیەوە لەناویان دەبەین. بەهۆی سوپا قارەمانەکەمانەوە، جووڵەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانمان سنووردار کردووە."
ئەردۆغان تیشکی خستە سەر بەرهەمهێنانی چەکی خۆماڵی وڵاتەکەی و گوتی: "ئەو ئاستەی لە پیشەسازیی بەرگریدا پێی گەیشتووین، دیارە. گەیشتووینەتە رێژەی 80%ی خۆماڵیبوون. ئەمڕۆ لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر و چاودێری، کەشتی و تانکەوە بگرە، نزیکەی لە هەموو بوارێکدا پێداویستییەکانی خۆمان دابین دەکەین. سبەی نۆرەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەهەڵگر دێت."
بەشێکی گوتارەکەی ئەردۆغان تایبەت کرد بە پرۆسەی چارەسەری و رایگەیاند، لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا لە ماوەیەکی کورتدا رێگەیەکی زۆرمان بڕیوە. کەمبوونەوەیەکی جیدی لە مەترسییە ئەمنییەکانی سەر وڵاتەکەمان روویداوە. ئەو کارانەی لە چوارچێوەی پەرلەمانی تورکیادا بەڕێوەدەچوون، لە دوێنێوە گەیشتنە ئەنجام.
هەر لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە رایگەیاند، ئەمانەتی 86 ملیۆن کەسمان لە ئەستۆیە، بە وریایی و وردبینییەوە هەنگاو دەنێین. سوورین لەسەر ئەوەی تورکیا لە بەڵای تیرۆر رزگار بکەین. رێگە بە هیچ گوتارێک نادەین دڵی کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی سەنگەر بڕەنجێنێت. ناکەوینە داوی یارییەکانەوە و دەرفەت نادەینە ئەوانەی هەوڵی دروستکردنی دووبەرەکی دەدەن لەنێوانماندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ