رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) وەڵامی پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی لەبارەی رێگریکردن لە هاوکارییەکانی کۆبانێ دەداتەوە و دەڵێت، "هاوکارییەکان رادەستی ئەو مانگی سوورە بکەین کە خێوەتی بە پارە بە خەڵک فرۆشت؟"
دیلان کوونت ئایان، پەرلەمانتاری دەم پارتی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وەڵامی تووندی غالیب ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاکپارتی دایەوە. ئەمەش دوای ئەوەی ئەنساریئۆغڵو ناردنی 25 بارهەڵگر هاوکاریی لە ئامەدەوە بۆ کۆبانێ بە "شانۆگەرییەکی سیاسی" ناوزەند کردبوو.
دیلان کوونت ئایان لە پەیامەکەیدا رووی دەمی کردە پەرلەمانتارەکەی ئاکپارتی و گوتی: "ئەگەر قسەیەکتان هەیە، بۆ ناردنی هاوکاری بۆ کۆبانێ کە تەنیا کاژێرێک لێرەوە دوورە و بۆ کردنەوەی دەروازەی موڕشیدپنار قسە بکەن، ئەگەرنا بێدەنگ بن!"
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی پێیوایە "شانۆگەریی راستەقینە" مامەڵەی دەسەڵاتە لەگەڵ کێشەی کورد و دەڵێت: "کاتێک لە کۆبانێ منداڵان لەبەر سەرما دەلەرزن و دەمرن، لە حەلەب ئەشکەنجەی ژنانی کورد دەدرێت و گەلی کورد گەمارۆ دراوە، ئێوە بۆ چوونە بەرچاوی دەسەڵات هەوڵی 'کوردایەتیی قبووڵکراو' دەدەن."
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەیدا، پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی گومانی خستە سەر شەفافیەتی دامەزراوە حکومییەکانی تورکیا بۆ گەیاندنی هاوکاری و پرسی: "هاوکارییەکان رادەستی کێ بکەین؟ ئایا رادەستی مانگی سووری تورکیای بکەین کە لە بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتدا خێوەتی بە پارە بە خەڵک فرۆشت؟ یان رادەستی ئافاد (AFAD) کە لۆگۆی پارتێکی سیاسی لەو هاوکارییانە دەدات کە خەڵک کۆیان کردووەتەوە؟"
غالیب ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی ئامەد، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاندبوو، ئەوان پێشنیاریان کردووە هاوکارییەکان لە رێگەی ئافاد و مانگی سوورەوە بنێردرێن، بەڵام رێکخەرانی کاروانەکە ویستوویانە لە دەروازە سنوورییەکە "شانۆگەرییەکی سیاسی" بکەن.
ئەنساریئۆغڵو ئاماژەی بەوەش کردبوو کە ئەفکان ئالا، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی، گڵۆپی سەوزی بۆ ناردنی هەر بڕە هاوکارییەک هەڵکردووە، بە مەرجێک لە ژێر چاودێری دامەزراوە فەرمییەکاندا بێت.
ئەم دەمەقاڵێیە دوای ئەوە دێت، کە کاروانێکی هاوکاری پێکهاتوو لە 25 بارهەڵگر (ئاو، خۆراک و جلوبەرگ) کە لەلایەن "پلاتفۆرمی پاراستن و پشتیوانیی ئامەد" کۆکرابووەوە، بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە شارۆچکەی سرووجی سەر سنوور راگیران.
بەهۆی ئەوەی حکومەتی تورکیا رێگەی بە کردنەوەی دەروازەی سنووریی "مورشیدپنار" نەدا، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە سەرجەم بارهەڵگرەکان بە ناچاری گەڕانەوە بۆ شاری ئامەد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ