رووداو دیجیتاڵ
لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و دراوە بیانییەکان نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی تۆمارکرد و لە بازاڕی ئازادی ئیستەنبووڵ یەک دۆلار ئاستی 44 لیرەی تێپەڕاند.
ئەمڕۆ هەینی، 6ی ئاداری 2026، لیرەی تورکی بە دابەزینێکی دیکە دەستی بە مامەڵەکانی کرد. لە بازاڕی ئازادی ئیستەنبووڵ، یەک دۆلاری ئەمریکی بە 44.07 لیرە مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ نرخی فرۆشتنی دۆلار بە 43.99 لیرە بوو.
هاوکات نرخی یۆرۆش ئاستێکی نوێی تۆمارکرد و گەیشتە سەروو 51.20 لیرە، کە بەراورد بە دوێنێ بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.
ئەم هەڵاوسان و دابەزینە بەردەوامەی بەهای لیرە، راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ئاڵۆزییەکانی جەنگی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی وزە و دارایی جیهان. بۆ رێگریکردن لە هەرەسی زیاتری لیرە، بانکی ناوەندیی کۆماری تورکیا چەند رێکارێکی نائاسایی گرتووەتە بەر.
گرنگترین رێکارەکانی بانکی ناوەندی بریتین لە، بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لە 37%ـەوە بۆ 40% بە ئامانجی راکێشانی لیرە بۆ ناو بانکەکان و کەمکردنەوەی خواست لەسەر دۆلار. زیادکردنە ئاشکراکانی یەک هەفتەیی بۆ دابینکردنی لیرە بۆ بانکەکان راگیران. هەروەها کۆمپانیاکان ئێستا دەتوانن پێداویستیی دراوی بیانیی خۆیان راستەوخۆ لە بانکی ناوەندییەوە دابین بکەن، نەک لە بازاڕی ئازاد.
سەرەڕای ئەم رێکارە تووندانە، بەڵام ناسەقامگیریی ناوچەکە و بەردەوامیی جەنگ، وایکردووە لیرە نەتوانێت بەرگری لە بەهاکەی بکات و بازاڕەکان هێشتا بە نیگەرانییەوە سەیری ئایندەی ئابووریی تورکیا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ