رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیێنێت، تەنانەت ئەگەر وڵاتەکەی هەموو مەرجەکانی ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەورووپا جێبەجێ بکات، هێشتا لەنێو یەکێتییەکەدا ئیرادەیەکی سیاسی بۆ قبووڵکردنی ئەنقەرە وەک ئەندام بوونی نییە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ نەمسا، رۆژی چوارشەممە (29ـی نیسانی 2026) لەگەڵ بێتێ مێینل-رێزینگەر، وەزیری فیدراڵیی ئەورووپا و کاروباری نێودەوڵەتیی نەمسا کۆبووەوە.
هاکان فیدان رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی پێشنەکەوتنی پرۆسەی ئەندامبوونی وڵاتەکەی، هەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپایە و گوتی: "لە یەکێتیی ئەورووپادا ئیرادەیەک نییە بڵێت 'کاتێک تورکیا مەرجەکان جێبەجێ دەکات، ئێمە ئەندامبوونی قبووڵ دەکەین.' بۆ ئەوەی ئێمە بچینە قۆناخی هەڵسەنگاندنەوە، پێویستە لەنێو یەکێتییەکەدا ئیرادە دروست ببێت."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنقەرە بە شێوەیەکی "واقعیانە" مامەڵە دەکات و نەخشەڕێگای خۆی دیاری کردووە. فیدان گوتی: "پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا هەمیشە باش بن. سەبارەت بە رێککەوتنی یەکێتیی گومرگی، لایەنی ئەوروپی کێشەی لە دەربڕینی ئیرادەدا هەیە."
پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بروکسل لەم دواییانەدا رووبەڕووی گرژی بوونەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لە 19ـی نیساندا، لە هەمان رستەدا ناوی تورکیای لەگەڵ رووسیا و چین هێنا و وەک مەترسی لەسەر "کیشوەری ئەورووپا" باسی کردن.
ئەم لێدوانە کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە؛ ناچۆ سانچێز ئامۆر، ریپۆرتەری پەرلەمانی ئەورووپا بۆ کاروباری تورکیا، لێدوانەکەی ڤۆن دێر لاینی بە "هەڵەیەکی جیۆپۆلیتیکی"وەسف کرد. هەروەها چارڵز میشێل، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپاش رەخنەی لێگرت و رایگەیاند کە ئەورووپا بە "دووفاقی" بەهێز نابێت.
سەرەڕای گەڕانەوەی ئومێد دوای سەردانەکەی مارتا کۆس، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئەنقەرە لە شوباتی 2026 و دەستپێکردنەوەی کارەکانی بانکی وەبەرهێنانی ئەورووپا، بەڵام هێشتا ئاستەنگەکان بەردەوامن. یەکێک لەوانە ئامادەنەبوونی تورکیا بوو لە لووتکەی نافەرمیی سەرکردەکان لە قوبرس، لە کاتێکدا نوێنەرانی میسر، سووریا و وڵاتانی کەنداو بەشدارییان تێدا کردبوو.
بەرپرسانی ئەنقەرە پێیانوایە یەکێتیی ئەورووپا "لە دۆخێکی سەرلێشێواودایە" و جەمسەرە جیاوازەکانی نێو یەکێتییەکە هەوڵی تێکدانی پرۆسەی لێکنزیکبوونەوەی ئەورووپا و تورکیا دەدەن.
لە کاتێکدا پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا بە خاوی دەڕۆن، تورکیا هەنگاو بەرەو وڵاتانی دیکە دەنێت. لەم دواییانەدا هاکان فیدان لە بەریتانیا "بەڵگەنامەی چوارچێوەی هاوبەشیی ستراتیژی" واژۆ کرد.
هەروەها بڕیارە لە رۆژانی 10 بۆ 14ـی ئایاردا، شاژن ماتیڵد، شاژنی بەلجیکا لەگەڵ شاندێکی 450 کەسی سەردانی تورکیا بکات، کە دوای 14 ساڵ یەکەم سەردان دەبێت لەسەر ئاستی شاهانە لە بەلجیکاوە بۆ ئەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ