رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کۆتاییهات. دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و پرۆسەی چارەسەرییان تاوتوێ کرد.
کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بە داخراوی بەڕێوەچوو و نزیکەی 50 خولەکی خایاند.
ئەمە دووەم کۆبوونەوەی تایبەتی نێوان ئەردۆغان و باخچەلییە لە ئەمساڵدا و بەهۆی ئەوەی دوای نزیکەی 3 مانگ ئەنجامدراوە، سەرنجی زۆری راکێشاوە.
دوایین جار لە رۆژی 21ی کانوونی دووەم لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆببوونەوە.
بەپێی میدیای فەرمیی تورکیا، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە "پرۆسەی چارەسەری" بووە. باس لەوە دەکرێت کە دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی دانانی چەک لەلایەن هەردوو سەرکردەوە تاوتوێ کراوە.
ئەردۆغان و باخچەلی هەڵسەنگاندنیان بۆ رەوتی ئێستای پرۆسەکە و هەنگاوەکانی داهاتوو کردووە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەرجەی لایەنی دەسەڵاتدار کە "پێویستە پشتڕاست بکرێتەوە رێکخراوەکە بە هەموو بەشەکانییەوە چەکی داناوە."
دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بۆ گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە، نەمانی قەییوم لەسەر شارەوانییەکان و ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان، هەنگاوە سەرەکی و چاوەڕوانکراوەکانی پرۆسەی چارەسەرین. بەرپرسانی دەم پارتی دەڵێن، ئەگەری هەیە بەشێک لە هەنگاوەکانی پرۆسەکە لە مانگی ئایاردا دەستپێبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ