رووداو دیجیتاڵ
10یەمین دیداری باڵیۆزانی زانست لە دوورگەی دیموکراسی و ئازادی (یاسئادا)ی ئیستەنبووڵ، بە بەشداریی نوێنەرانی خوێندکاران و بەرپرسانی پەروەردە دەستیپێکرد. دیدارەکە سێ رۆژ دەخایەنێت.
رۆژی شەممە، 7ـی شوباتی 2026، رێبین نەسرەدین، سەرۆکی رێکخراوی باڵیۆزانی زانست بە رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 200 خوێندکاری هەرێمی کوردستان، کە لە 10 وڵاتی جیاواز و 45 شاری جیاواز نیشتەجێن، بەشداریی لەم دیدارەدا دەکەن.
سەرۆکی رێکخراوی باڵیۆزانی زانست لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی نوڕۆژی رووداودا، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند ئامانجی سەرەکیی دیدارەکە، دابینکردنی هەلی نوێی خوێندنە بۆ خوێندکارانی کوردستان، تاوەکو بتوانن لە زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی تورکیا جێگە بگرن.
رێبین نەسرەدین، ئاماژەی بەوە کرد یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی دیدارەکە، گفتوگۆکردنە لەسەر بەربەستەکانی بەردەم خوێندکارانە، ئەوان وەک رێکخراوەکەیان کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشە رۆتینییە ئیدارییەکان دەکەن، کە لەنێوان هەردوو وڵات (تورکیا و عێراق)دا هەن.
بەگوتەی سەرۆکی رێکخراوی باڵیۆزانی زانست، کێشەی گەورەی خوێندکاران "دانپێدانەنانی زانکۆکانە" لەلایەن هەردوو وڵاتەوە و ئەوان بۆ لابردنی ئەو بەربەستانە لە هەوڵدان.
سەرۆکی رێکخراوی باڵیۆزانی زانست سەبارەت بە پشکی خوێندکارانی کوردستان گوتی: تورکیا ساڵانە 5 هەزار کورسیی خوێندن (سکۆلەرشیپ) پێشکێشی خوێندکارانی سەرتاسەری جیهان دەکات. - 70%ـی (دوو لەسەر سێ)ی ئەو دەرفەتانەی خوێندن و سکۆلەرشیپانەی تورکیا دەیداتە عێراق، خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لێی سوودمەند دەبن.
بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوەکە، ئێستا بە گشتی 800 خوێندکاری هەرێمی کوردستان (چ بە سکۆلەرشیپ، چ لەسەر ئەرکی خۆیان) لە هەموو قۆناخەکانی زانکۆدا لە تورکیا دەخوێنن.
هەروەها 53 خوێندکاری هەرێمی کوردستان ئێستا لە قۆناخی ئامادەییدا لە تورکیا درێژە بە خوێندنیان دەدەن.
بەگوتەی رێکخەرانی دیدارەکە ئەم دیدارە وەک پردێک لەنێوان خوێندکاران و دامەزراوەکانی پەروەردەدا سەیر دەکرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا خوێندکارانی کورد بە ئاسانی بتوانن لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا خوێندنیان تەواو بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ