رووداو دیجیتاڵ
هێرش کرایەسەر نزیک کۆنسووڵخانەی ئیسرائیل لە ئیستەنبووڵ. داود گول، پارێزگاری ئیستەنبووڵ رایگەیاند، هێرشەکە لەلایەن سێ کەسەوە ئەنجامدراوە.
داود گول، پارێزگاری ئیستەنبووڵ لە شوێنی رووداوەکە لێدوانی بۆ میدیاکان دا و گوتی: "هێرش کرایە سەر ئەو پۆلیسانەی رێوشوێنی ئەمنییان گرتبووەبەر. لە هێرشەکەدا دوو پۆلیس بە سووکی بریندار بوون. یەکێک لە تیرۆریستان کوژرا و دوو تیرۆریستی دیکەش بریندار کران. لێکۆڵینەوە بۆ زانینی ناسنامەکانیان بەردەوامە و کارکردن لەسەر پەیوەندییەکانیشیان بەردەوامە".
داود گول گوتی، ئەوەی روویدا "کردەیەکی دنەدەرانەیە. لە ناوچەکەدا چەندین شوێنی کار هەن. لە بەشی دواوە کۆنسووڵخانە هەیە. دوو ساڵ و نیوە لە کۆنسووڵخانەکەدا کارکردن راگیراوە و هیچ کارمەندێکی دیپلۆماسی تێدا نییە. هێزە ئەمنییەکانمان لێکۆڵینەوە لەم رووداوە دەکەن".
پارێزگاری ئیستەنبووڵ رایگەیاند: "هێرشەکە لەلایەن سێ کەسەوە ئەنجامدرا. بە ئۆتۆمبێل هاتبوونە شوێنی رووداوەکە. چەکی قەناس و دەمانچەیان پێبوو."
مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیاش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "لە ئەنجامی پێکدادانێکی چەکداریدا لەگەڵ پۆلیس لەبەردەم باڵەخانەکانی یاپی کرێدی پلازا لە ئیستەنبووڵ، سێ کەس کوژران و بریندار کران. لە پێکدادانەکەدا دوو پۆلیس بە سووکی بریندار بوون."
مستەفا چیفتچی لە پۆستێکدا نووسیویەتی: "ناسنامەی هێرشکارەکان ئاشکرا کراوە و دەرکەوتووە، یەکێکیان پەیوەندی بە رێکخراوێکی ئایینییەوە هەبووە و یەکێکیشیان پێشینەی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەری هەبووە کە لەگەڵ یەکێکی دیکەیان برایە. هەروەها ئاشکرا بووە، هێرشکارەکان بە ئۆتۆمبێلی بەکرێ لە ئیزمیتەوە چوونەتە ئیستەنبووڵ".
کاژێر 12:20 خولەکی ئەمڕۆ سێشەممە، 7ی نیسانی 2026 لە ناوچەی بێشیکتاشی ئیستەنبووڵ، کە باڵەخانەی کۆنسووڵخانەی ئیسرائیلیشی لێیە، دەنگی تەقە بیسترا.
دوای رووداوەکە ژمارەیەکی زۆر ئامبوڵانس و ئەندامانی تیمی پۆلیس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "سەبارەت بەو زانیارییانەی کە باس لە بیستنی دەنگی تەقە دەکەن لە دەوروبەری کۆنسووڵخانەی ئیسرائیل لە ناوچەی بێشیکتاشی پارێزگای ئیستەنبووڵ، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ دەستبەجێ دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ