رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەڵێ، پێویست بە کاتکوشتن و دواخستن ناکات.
دەوڵەت باخچەلی، ئەمڕۆ سێشەممە حەوتی نیسانی 2026 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا قسەی کرد.
باخچەلی، لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا کە بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناودەبرێ، گوتی: "توركیایهكی بێ تیرۆر، ههنگاوێكی دروسته كه له كاتێكی گونجاودا نراوه. ئەو ویستەی لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا نیشاندرا، بووەتە ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە لەم کێشەیە رزگارمان دەبێت کە گەلەکەمانی ماندوو کردووە."
دەوڵەت باخچەلی رایگەیاند: "جێگەی دڵخۆشییە کە لەم قۆناخەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین، رێکخستنە یاساییەکان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی وەک پڕۆژەیاسا پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا بکرێن" و گوتیشی: "لەم بابەتەدا هیچ بۆشاییەک، هیچ کەمتەرخەمییەک و هیچ خاڵێکی لاواز جێگەی قبووڵکردن نییە. پێویست بە کات بەفیڕۆدان و دواخستن ناکات. ئاشتی، خۆبەدەستەوەدان نییە. ئاشتی، سازشکردن نییە. ئاشتی ئەو هاوسەنگییەیە کە بە پاراستنی هێزی دەوڵەت بەدەستدێت."
دەوڵەت باخچەلی، رەخنەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکای بۆ سەر ئێران گرت و گوتی: "ترەمپ و نەتەنیاهوو هەڵەیەکی مێژووییان کرد."
دەقی قسەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە:
"لە 17ی ئایاری 2025دا گوتبووم، 'ئاشتی باڵندەیەکی تاک باڵ نییە'. یەکێک لە باڵەکانی بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان و ئەو بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیەی پێیگەیشتین خۆی دەرخست. پێویستە وەک گەل هەردوو باڵەکە پێکەوە بە جەستەکەوە بلکێنین'. ئەو ئیرادە سیاسییە بەهێزەی لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا نیشاندرا، نیشاندەرێکی روونی ئەوەیە کە گەلەکەمان لەم کێشەیە رزگاری دەبێت کە زۆر ماندووی کردووە. تورکیای بێ تیرۆر هەنگاوێکی دروستە کە لە کاتێکی دروستدا نراوە. لە قۆناخێکی مێژووییدا، وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگە. لەم خاڵەی ئەمڕۆ پێیگەیشتووین، جێگەی دڵخۆشییە کە رێکخستنە یاساییەکان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی وەک پرۆژەیاسایەک پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا بکرێن. لە سەردەمێکدا کە جیهان و ناوچەکەمان رووبەڕووی شکانەوەی جددی، مەترسی و شڵەژانی جیۆپۆلەتیکی بوونەتەوە، قایمکردنی پێکهاتەی ناوخۆمان، بەهێزکردنی یەکێتیی نیشتمانیمان و پتەوکردنی هاوپشتیی کۆمەڵایەتی بووەتە پێویستییەکی ناتوانرێت دوابخرێت. لەم پرسەدا هیچ بۆشایی، هیچ کەمتەرخەمی و هیچ لاوازییەک قبووڵ ناکرێت. پێویست بە کاتکوشتن و دواخستن ناکات. ئێمە دەڵێین ئاشتی خۆبەدەستەوەدان نییە. ئاشتی سازشکردن نییە. ئاشتی ئەو هاوسەنگییەیە کە بە پاراستنی شکۆی گەل و هێشتنەوەی هێزی دەوڵەت بەدیدێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ