تورکیا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ نەتەنیاهوو و 36 بەرپرسی باڵای دیکەی ئیسرائیل دەکرد

08-11-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 37 سەرکردە و بەرپرسی باڵای ئیسرائیل دەرکرد، لەنێویشیاندا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و تۆمەتباریان دەکات بەوەی لە کەرتی غەززە جینۆسایدیان دژی فەلەستینییەکان کردووە.
 
رۆژی هەینی 07-11-2025 نووسینگەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، 37 گومانلێکراوی ئیسرائیلی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام تەواوی ناوی بەرپرسە ئیسرائیلییەکانیان بڵاونەکردووەتەوە.
 
ئەو فەرمانەی تورکیا کاردانەوەی تووندی ئیسرائیلی لێکەوتەوە و جەدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، بە "چاوێکی سووکەوە" دەڕواننە ئەو فەرمانە و بە تەواوەتییش رەتیان دەکاتەوە.
 
بێجگە لە نەتەنیاهوو، هەریەک لە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری؛ ئیتامار بێن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی و جەنەراڵ ئیال زامیر، فەرماندەی سوپای ئیسرائیل لەنێو ئەو 37 سەرکردە و بەرپرسە باڵایانەن کە تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردوون.
 
تورکیا بەرپرسانی ئیسرائیلی بە "جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە کەرتی غەززە" تۆمەتبار کردووە و رایگەیاندووە، ئیسرائیل بە شێوەیەکی سیستماتیکی ئەو جینۆسایدەی کردووە.
 
هەروەها بەیاننامەکە ئاماژە بە "کۆمەڵکوژی لە نەخۆشخانەی دۆستایەتیی تورکیا و فەلەستین" دەکات، کە ئەنقەرە ئەو نەخۆشخانەیەی لە کەرتی غەززە دروستکردووە و لە مانگی ئازاری رابردوو لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومان کرا.
 
تورکیا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی زۆرترین رەخنەی ئاراستەی ئیسرائیل و سەرکردایەتیی ئەو وڵاتە کردووە لە بەرامبەر جەنگی دوو ساڵەی غەززە، ساڵی رابردووش شان بە شانی ئەفریقای باشوور، ئیسرائیلیان بە فەرمی بە جینۆسایدی فەلەستینییەکان تۆمەتبار کرد.
 
لە 10ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵەوە، ئاگربەستێک لەنێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە راگەیێندرا، ئەمەش وەکو بەشێک لە پلانی ئاشتیی فراوانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرێت.
 
لەدوای فەرمانەکەی تورکیا، بزووتنەوەی حەماس پێشوازیی لەو هەنگاوەی ئەنقەرە کرد و بە "هەنگاوێکی دڵسۆزانە و بۆ دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی راستگۆیانەی گەلی تورکیا و سەرکردەکانیان" وەسفی کرد، ئاماژەشیان بەوە کرد کە ئەو بڕیارە پابەندیی تورکیا دووپات دەکاتەوە بەرامبەر بەهاکانی دادپەروەری، مرۆڤایەتی و برایەتی، کە تورکیا بە گەلی فەلەستینەوە دەبەستێتەوە.
 
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پۆستەکەیدا، کە بە زمانی ئینگلیزی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، نووسیویەتی، "لە تورکیا دەسەڵاتی دادوەری لەمێژە بووەتە ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی رکابەرە سیاسییەکان و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان، دادوەران و سەرۆک شارەوانییەکان."
 
گوتیشی، داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ لەم دواییەدا "بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ دەرکردووە، تەنیا لەبەر ئەوەی بوێریی کردووە لە بەرامبەر ئەردۆغان خۆی بەربژێر بکاتەوە."
 
دواتر ئەڤیگدۆر لیبەرمان، وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەیامێکی لەبارەی ئەو بڕیارەی تورکیاوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "فەرمانی دەستگیرکردنی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل لەلایەن تورکیاوە، بەڕوونی دەریدەخات کە بۆچی نابێت تورکیا راستەوخۆ یانیش ناڕاستەوخۆ لە پرسی کەرتی غەززەدا بەشدار بێت."
 
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی پلانەکەی ترەمپ بۆ داهاتووی غەززە، پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتییە لە غەززە بۆ چاودێریکردن و پاراستنی دۆخی ئەمنیی ئەو کەرتە، چاوەڕوانیش دەکرێت هێزەکە لەلایەن سوپاکانی وڵاتانی ناوچەکەوە پێکبهێندرێت و تورکیاش ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن لەو هێزە نێودەوڵەتییەدا و رۆڵی لە غەززەی دوای جەنگ هەبێت.
 
بەڵام سەرکردایەتیی ئیسرائیل چەندین جار دژایەتیی خۆیان بەرامبەر هەر بەشدارییەکی تورکیا لە هێزی نێودەوڵەتی لە غەززە دەربڕیوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە