تورکیا
کاروانێکی ئەمبوڵانس کە ئەو کەسانە دەگوازنەوە گومان دەکرێت هەڵگری ڤایرۆسی هانتانا بن. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
سێ هاووڵاتیی تورکیا کە لەسەر کەشتییەکی گەشتیاری بەهۆی ڤایرۆسی هانتاوە کەرەنتین کرابوون، ئەمڕۆ دەگەڕێندرێنەوە وڵاتەکەیان. وەزارەتی تەندروستیی تورکیاش رایدەگەیێنێت، لەگەڵ گەیشتنیان راستەوخۆ کەرەنتین دەکرێن.
وەزارەتی تەندروستیی تورکیا رۆژی شەممە 9ـی ئایاری 2026، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "سێ هاووڵاتیمان کە لەسەر کەشتییەکی گەشتیاریی نێودەوڵەتین و لە نزیکەوە چاودێریی رەوشی تەندروستییان دەکرێت، سبەی [ئەمڕۆ یەکشەممە] دەهێندرێنەوە بۆ وڵاتەکەمان."
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، ئەو سێ هاووڵاتییە لە ژێر چاودێری ورد دابوون و هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرنەکەوتووە، بەڵام جەخت دەکاتەوە، "لەگەڵ گەیشتنیان بە تورکیا، کەرەنتین دەکرێن و پرۆسەی پشکنینیان بە وردی بۆ دەکرێت."
کەشتییەکە ناوی (MV Hondius)ـە و هەڵگری ئاڵای هۆڵەندایە، دوای ئەوەی چەند تووشبوویەکی ڤایرۆسی هانتای تێدا دەستنیشانکرا، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسپانیاوە رێگەی پێدرا لە بەندەری (تێنێریفی) لە دوورگەکانی کەناری لەنگەر بگرێت.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، تائێستا سێ کەس لەنێو کەشتییەکەدا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ڤایرۆسەکە لە جەستەی شەش کەسی دیکەشدا دەستنیشان کراوە. بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، ئیسپانیا کەشتییەکە بە تەواوی چۆڵ بکات و گەشتیارەکان بۆ وڵاتەکانی خۆیان بگەڕێنێتەوە.
پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستی گومان دەکەن ئەو کەسانەی لەنێو کەشتییەکەدا گیانیان لەدەستداوە، پێش ئەوەی سواری کەشتییەکە بن تووشی ڤایرۆسەکە بووبن.
ڤایرۆسی هانتا چییە؟
ڤایرۆسی هانتا کۆمەڵە ڤایرۆسێکن کە لە رێگەی قرتێنەرەکانەوە (وەک مشک و جرج) دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ. گواستنەوەکە زۆربەی کات لە رێگەی هەڵمژینی تۆزی وشکبووەوەی پیسایی، میز یان لیکی ئەو ئاژەڵانەوە دەبێت.
نیشانە و مەترسییەکانی نەخۆشییەکە:
- سستبوونی کۆئەندامی هەناسە.
- لە هەندێک باردا دەبێتە هۆی خوێنبەربوونی ناوەکی.
- سستبوونی گورچیلەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ