رووداو دیجیتاڵ
پێشانگەی ساها 2026، کە دوایین پێشکەوتنەکانی پیشەسازیی بەرگریی تورکیای خستەڕوو، بە بەشداریی زیاتر لە 150 هەزار سەردانیکار، شاندی زیاتر لە 75 وڵات و واژۆکردنی گرێبەستی هەناردەکردن بە بەهای نزیکەی 8 ملیار دۆلار کۆتاییهات.
پێشانگای نێودەوڵەتیی پیشەسازیی بەرگری، فڕۆکەوانی و ئاسمانیی کە بە (SAHA 2026) ناسراوە، گەورەترین کۆمەڵەی پیشەسازیی بەرگری، فڕۆکەوانی و ئاسمانیی تورکیا و ئەورووپاوە لە سەنتەری پێشانگاکانی ئیستەنبووڵ رێکخرابوو، کۆتاییهات.
کۆبوونەوەی کۆتایی پێشانگاکە بە بەشداریی بەرپرسان و رێکخەرانی پێشانگەکە و کۆمپانیا مەزنەکانی بواری پیشەسازیی بەرگریی بەڕێوەچوو. کاریگەرییەکانی پێشانگاکە لەسەر کەرتەکە و ئامارە بەدەستهاتووەکان خرانەڕوو.
موراد ئیکینجی، یاریدەدەری سەرۆکی پێشانگەکە لە گوتارێکدا رایگەیاند، رێکخستنی ئەمساڵ ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە و سەرنجی خستە سەر ئەو پێشوازییە گەرمەی لە پێشانگەکە کرا.
8 ملیار دۆلار گرێبەستی هەناردەی چەک واژۆکرا
ئیکینجی، باسی لەوەکرد پێشانگەکە لەسەر رووبەری 400 هەزار مەتر دووجای داخراو بەڕێوەچوو. گوتی، "زیاتر لە 150 هەزار سەردانیکار، کە ئەم ژمارەیە بەردەوام لە زیادبووندایە، سەردانی پێشانگەکەیان کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، پڕۆژەی هەناردەکردن بۆ دەرەوە بە بەهای نزیکەی 8 ملیار دۆلار واژۆکرا. ئەمە ژمارەیەکی زۆر بەرزترە لە پێشانگەی پێشووی. ئەمە یەکێکە لە دیارترین نیشانەکانی گەشەسەندن و پێشکەوتنی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا و گرنگیدانی دەرەوە پێی. میوانداریی شاندی زیاتر لە 75 وڵاتمان کرد."
200 بەرهەمی سەربازیی ناسێندرا
ئیکینجی، جەختی لەوە کردەوە ناساندنی زیاتر لە 200 بەرهەمی نوێ لەلایەن کۆمپانیاکانی پیشەسازیی بەرگریی تورکیاوە، یەکێک بووە لە گرنگترین هۆکارەکانی سەرکەوتنی پێشانگەکە و ئاماژەی بەوەشکرد، رێکخستنەکە هاندەری بەرزی پیشەسازیی تورکیا و پێکهاتە داهێنەرانەکەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سەلماند.
ئەو وڵاتانەی گەمارۆیان دەسەپاند، بۆ هاریکاری لە پێشانگە بوون
ئەحمەد ئاکیۆل، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ASELSAN رایگەیاند، ئەوان بەرزترین ئاستی بەشداربوونیان لە پێشانگای SAHAـدا تۆمارکردووە و جەختی لەسەر چڕیی سەردانیکارانی ئەورووپایی کردەوە.
ئاکیۆل، ئاماژەی بەوەکرد، لە پەیوەندییەکانیاندا لە پێشانگاکەدا جارێکی دیکە دەرکەوتووە کە تورکیا بەهۆی هێزی پیشەسازیی بەرگرییەوە پێگەیەکی گرنگی بۆ ئاسایشی ئەورووپا هەیە و گوتی:
"ئێمە نەک تەنیا لە پیشەسازیی بەرگریدا وڵاتێکی شوێنکەوتوو نین، بەڵکو ئاراستەکان دیاری دەکەین. ئەم پێشانگایە نیشاندەری ئەوە بوو. هەموو جیهان لێرە بوو، بۆ ئەوەی بزانێت 'تورکیا چی کردووە و لە تورکیا چی دەکرێت؟' ئەمەش بابەتێکی گرنگ بوو. هاتنی ئەو وڵاتانەی کە پێشتر بە بیانووی جۆراوجۆر، لەنێویاندا گەمارۆ، چەندین کێشەیان لەگەڵماندا هەبوو، بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بپرسن 'دەتوانین پێکەوە چی بکەین؟' نیشانەی ئەو پێگەیەیە کە پێیگەیشتووین، هێزی تورکیا و هێزی گەلەکەمان دەسەلمێنێت."
هەروەها گوتی: "لە هەموو روویەکەوە پێشانگایەکی گەورە، سەرکەوتوو، بەسوود و بەرهەمدار بوو. پیشەسازیی بەرگریی تورکیا بە پشتیوانیی گەل و سەرکردایەتیی دەوڵەتەکەی، بەردەوام دەبێت لەسەر جێهێشتنی شوێنپەنجەی خۆی لەسەر جیهان و بەردەوامبوون لەسەر رێگەکەی بە داهێنان و پاراستنی هەموو ئەم سەرکەوتنانە."
میوانداریی 55 وەزیر و جێگری وەزیری بیانیی کرد
ئیلهامی کەلەش، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای MKE، بیریهێنایەوە کە پێشانگای SAHA 2026 لە ساڵی 2015 لەسەر رووبەری 5 هەزار مەتر دووجا دەستیپێکرد و رایگەیاند، ئەو ئاستەی پێیگەیشتووە، سەرسوڕهێنەرە.
کەلەش، ئاماژەی بەوەکرد ئەوان بەشدارییان لە چەندین پێشانگای جیهانیدا کردووە، بەڵام لە هیچ کامیاندا کەشێکی ئاوایان نەبینیوە و گوتی، "لەم پێشانگایەدا میوانداریی 55 وەزیر یان جێگری وەزیری بیانیمان کرد. پێشوازییەکی لەم شێوەیە لە هیچ پێشانگایەکدا بوونی نییە. پێگەی نێودەوڵەتیی تورکیا، گەشەسەندنی خێرای پیشەسازیی بەرگریی تورکیا و بەتایبەتی ئەو شێوازە بازرگانییەی کە لە گواستنەوەی تەکنەلۆژیادا لە پەیوەندیی کڕیار-فرۆشیارەوە بەرەو هاوبەشی دەڕوات، سەرنجێکی زۆری راکێشاوە."
نزیکەی 30 هەزار کۆبوونەوەی B2B بۆ زنجیرەی لۆجیستیک
محەممەد دەمیرئۆغڵو، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای TUSAŞ، سەرنجی خستە سەر رووی پیشاندانی پێشانگاکە و هەروەها ئەو گفتوگۆ ستراتیژییانەی لە پشت پەردەوە بەڕێوەدەچوون.
دەمیرئۆغڵو، روونیکردەوە یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی SAHA کۆکردنەوەی کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان و ئەو کۆمپانیایانەیە کە زنجیرەی دابینکردن و لۆجیستیک پێکدەهێنن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و گوتی، "پێشانگاکە روویەکی بێدەنگی هەبوو، ئەویش نزیکەی 30 هەزار کۆبوونەوەی B2B بوو. نزیکەی 30 هەزار کۆبوونەوە. تایبەتمەندیی SAHA هەر ئەمەیە، کۆکردنەوەی کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان و کۆمپانیاکانی زنجیرەی دابینکردن و لۆجیستیک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکان و پلانەکانی داهاتوو و دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان. SAHA نیشانیدا کە ئەمە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچووە. نزیکەی 30 هەزار کۆبوونەوە نیشاندەری ئەمەیە."
فرۆشتنی بزوێنەری نێودەوڵەتی و هاریکاریی نوێ
مەحموود فارووق ئاکشیت، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای TEI، جەختی لەوە کردەوە کە پێشانگاکە لە رووی هاریکاری، فرۆشتن و زنجیرەی دابینکردنەوە زۆر بەرهەمدار بووە.
ئاکشیت، ئاماژەی بەوەکرد کە لە پێشانگاکەدا 3 گرێبەستی فرۆشتنیان واژۆکردووە، کە یەکێکیان بۆ دەرەوەی وڵات بووە و بڕێکی بەرچاو لە فرۆشتنی لەخۆگرتووە و گوتی، "لەنێو ئەمانەدا فرۆشتنی بزوێنەریش هەیە. گرێبەستێکی هاریکارییمان لەگەڵ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیدا واژۆکرد."
دیداری داهاتوو لە 16-20ی ئایاری 2028 دەبێت
لەڤەنت کەریم ئوچا، سکرتێری گشتیی SAHA Istanbul، رایگەیاند، پێنجەمین رێکخستنی ئەو زنجیرە پێشانگایەیان بەجێهێشتووە کە لە ساڵی 2018ـەوە دەستیپێکردووە. ئاماژەی بەوەکرد، لە هەموو پێشانگایەکدا لە رووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە زیاتر گەشەیان کردووە.
ئوچا رایگەیاند، قۆناخی داهاتووی رێکخستنەکە، کە هاوتەریب لەگەڵ گەشەسەندنی پیشەسازیی بەرگریدا گەورە دەبێت، لە 16-20ی ئایاری 2028 بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ