ئەردۆغان: تەنانەت نزیکترین کەسەکانمان دژی زیادبوونی دانیشتووانن

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە مەترسییەکانی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکەی کرد و رەخنەی لە دژبەرانی بابەتەکە گرت و گوتی، تەنانەت ئەوانەی بە نزیکی خۆمانیان دەزانین دژی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانن.
 
لە پێشانگەیەکی ناوەندی رۆشنبیری و هونەریی هانە کە رۆژی یەکشەممە 11-1-2026 لە ئیستەنبووڵ بەرێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و دواتریش وەڵامی پرسیارێکی لەبارەی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکەی دایەوە.
 
ئەردۆغان جەختی لەسەر دابەزینی ژمارەی دانیشتووان کردەوە و گوتی: "ئێمە ئەو هەڕەشەیەمان بینی، بەڵام نەمانتوانی ئەنجامێک بەدەستبهێنین. بەرەوپێشچوونەکە باش نییە. تەنانەت کاتێک لەگەڵ نزیکترین کەسەکانمان قسە دەکەین، دەبینین دژی زیادبوونی دانیشتووانن، ئەمەش خەمبارمان دەکات. تەنانەت ئەوانەشی بە دۆستترین کەسی خۆمانیان دەزانین، دژی زیادبوونی دانیشتووانن."
 
ئەمە یەکەمین جار نییە ئەردۆغان نیگەرانیی خۆی بەرامبەر کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان دەردەبڕێت و بابەتەکە بە مەترسی بۆ سەر وڵاتەکە نیشاندەدات. سەرۆککۆماری تورکیا لەم بابەتەدا رەخنە لە دەسەڵاتەکانی پێشوو و بەتایبەتیش ساڵانی حەفتا و هەشتاکان دەگرێت، بەوەی گوایە ئەوان سیاسەتێکی هەڵەیان لەم بابەتەدا پەیڕەوکردووە و کاریان لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی دانیشتووان کردووە.
 
رۆژی 20-4-2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رێوڕەسمی کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی لەدایکبوون و منداڵاندا هەڵوەستەی لەسەر هەمان بابەت کرد و گوتی: "بەگوێرەی گەشبینانەترین بۆچوون، 10 ساڵی دیکە ژمارەی دانیشتووانی تورکیا لە زۆربوونەوە بەرەو دابەزین دەچێت. لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم دۆخەی ئێستا، لە کۆتایی ئەم سەدەیەدا چاوەڕێ دەکرێت دانیشتووانمان 10 ملیۆن کەم بکات".
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند کە مێژوونووسێکی وڵاتەکەی دەڵێ؛ تورکیا بەرەو کابووس دەچێت و دانیشتووانی تورک لە ئەنادۆڵ بەخێرایی بەرەو بەساڵاچوون دەچێت.
 
ئەردۆغان هەروەها رۆژی 22-7-2025 لەکاتی گەڕانەوەی لە قوبرسی باکوورەوە بۆ تورکیا، باسی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان و منداڵبوونی کرد و گوتی: "دابەزینی خێرایی رێژەی لەدایکبوون بۆ خوار 1.5 قۆناخێکی مەترسیدارە. ئەم دۆخە هیچ خێرێکی تێدا نییە. ئێمە لە قۆناخی 3 بووین و ئێستا بۆ خوار 1.5 دابەزیوین. لە کاتێکدا ئامانجی ئێمە زۆر جیاواز بوو، بەڵام لەم بابەتەدا ئێستا لە شوێنێکی باش نین."
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی وۆردمێتەر کە پشتئەستوور بە ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی 9-1-2026 بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی دانیشتووانی تورکیا و باکووری کوردستان 87 ملیۆن و 796 هەزار و 935 کەسە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە