رووداو دیجیتاڵ
میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، لە پەرلەمانی ئەورووپا بەشداریی لە کۆنفرانسێکدا کرد و رایگەیاند، دەبێت پرۆسەی دیالۆگی نێوان تورکیا و کورد بگوازرێتەوە بۆ زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی و لە پەرلەماندا بەڕێوەبچێت.
رۆژی چوارشەممە 25-2-2025 لە پەرلەمانی ئەورووپا، کۆنفرانسێک لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و "دیالۆگی نێوان کورد و تورک" بەڕێوەچوو. میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە کۆنفرانسەکەدا بە زمانی ئەڵمانی گوتارێکی پێشکێشکرد.
سانجار سەرنجی خستە سەر گرنگیی چارەسەرکردنی پرسی کورد و گوتی: "ئامانجی ئەم پرۆسەیە چارەسەرکردنی کێشەیەکی قووڵە. دەبێت رێگەکانی چارەسەری بکەینەوە و هەنگاوی پێویست بنێین. ئەم پرۆسەیە لە سێ قۆناخ پێکدێت و ئێستا ئێمە لە قۆناخی یەکەمداین. ئامانجیش بنیاتنانی ئاشتییەکی هەمیشەییە".
میتحەت سانجار هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت پرۆسەکە ئیدی لە پەرلەمانی تورکیادا تاوتوێ بکرێت و گوتی: "هێشتا زۆر کارمان ماوە بیکەین، بەڵام دەبێت بزانین ئەم پرۆسەیە بۆ کورد دەرفەتێکی مێژووییە. ئەم پرۆسەیە تەنیا بۆ لایەنێک نییە، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە گرنگە. ئەگەر کەشێکی ئارام بڕەخسێنرێت، ئەوە تەنیا هەر ئاشتی نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بەرەو ئازادی بۆ تورکیا و تەواوی ناوچەکە."
ئەندامەکەی شاندی ئیمراڵی جەختی لە پەرەپێدانی دیموکراسیش کردەوە و گوتی: "گەیشتن بە ئاشتی، لە هەمان کاتدا گەیشتنە بە دیموکراسی. ئێمە باوەڕمان وایە ئاشتی و دیموکراسی پێکەوە بەستراونەتەوە، یەکێکیان بەبێ ئەوەی دیکە نابێت. دیموکراسی بۆ گەل بابەتێکی زۆر گرنگە."
میتحەت سانجار هەروەها بە پێویستی دەزانێت دیالۆگی پرۆسەی چارەسەریی نێوان کورد و تورک لە پەرلەمان بەڕێوەبچێت و بۆ زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی بگوازرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ