باخچەلی داوای هەڵوەشانەوەی کەجەکە و دەم پارتییش داوای ئازادکردنی دەمیرتاش دەکات

24-02-2026
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و لۆگۆی دەم پارتی
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و لۆگۆی دەم پارتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) بەڕێوەچوو؛ چاوەکان لەسەر دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتەکەن، کە دەستپێشخەریی بۆ پرۆسەی چارەسەری کرد. ئەو داوای هەڵوەشاندنەوەی کەجەکە دەکات، هاوکات دەم پارتییش داوای ئازادکردنی دەمیرتاش دەکات.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، "لە راگەیێندراوی 27ی شوباتی 2025دا رێبەری دامەزرێنەری پەکەکە، کاریگەری و پشکی گەورەی هەیە. ئەم بانگەوازە بە هەمان شێوە کەجەکەش دەگرێتەوە. دەبێت دەستبەجێ پێکهاتەی باڵای رێکخراوەکە هەڵبوەشێندرێتەوە."
 
راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی رۆژی 18ی شوباتی 2026 بە زۆرینەی دەنگ، پەسند کرا.
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی رەخنە لەو زمانە دەگرێت کە لە راپۆرتەکەدا بەکارهاتووە و پێیوایە دەبوو زمانێکی نوێ و باشتر بێت.
 
پێشتر نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، دوای مانگی رەمەزان هەنگاوی یاسایی دەنرێت؛ بەڵام دەم پارتی بە پێویستی دەزانێت هەر ئێستا هەنگاو بنرێت.
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، "هەندێک پێشنیاز هەن پێویستیان بە یاسا نییە. جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی ئەورووپا و دادگەی دەستووری، هیچ ئاستەنگێکی لەبەردەم نییە. دواخستنی بۆ کاتێکی دیکە بڕیارێکی میزاجییە. بۆ نموونە دەمیرتاش، یوکسەکداغ، کاڤاڵا و جان ئاتاڵای بۆچی هێشتا لە ژوورەوەن؟ بۆچی هێشتا قەییوم لە شوێنی سەرۆکی شارەوانییەکانن؟"
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پرۆسەی چارەسەری بەردەوامە و کار دەکەن بۆ ئەوەی سەربکەوێت. سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، "تاکە خەمی ئێمە، بونیاتنانی تورکیایەکە، کە لە ناوچەکەدا رۆڵی باڵای لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی، ئاسایش، ئارامی و سەقامگیریدا هەبێت."
 
سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێستا سەرنجەکانیان لەسەر پرۆسەی چارەسەرییە، بەتایبەتیش هەنگاوی یاسایی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە