رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایدەگەیێنێت، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی، پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک ئەکتەری سەرەکیی دانوستاندنەکان، لە هەلومەرجێکی ئازاددا کار بکات. هەروەها دەڵێت: "پێویستە ئۆجەلان بتوانێت لەگەڵ رۆژنامەڤانان، نووسەران و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان کۆببێتەوە."
ئەمڕۆ چوارشەممە (25ـی شوباتی 2026)، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەی لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکان، لە بارەگای سەرەکیی دەم پارتی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی سازکرد.
"راپۆرت بە تەنیا نابێتە چارەسەر"
دۆغان سەردانەکانی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیای بۆ لای پارتە سیاسییەکان بە "هەنگاوێکی بەنرخ" ناوبرد و گوتی: "کردنەوەی کەناڵەکانی دیالۆگ بۆ ئێمە گرنگە، بەڵام دەبێت راستییەک بڵێین؛ راپۆرتێک لە پەرلەمان بە تەنیا ناتوانێت کێشەیەکی مێژوویی 100 ساڵە چارەسەر بکات. ئەمە راپۆرتی چارەسەری نییە، بەڵام دەکرێت ببێتە سەرەتایەک بۆ قۆناخێکی دیموکراسی. ئەگەر لەسەر ئەم راپۆرتە رێککەوتن هەبێت، دەبێت هەنگاوی بەرجەستە بنرێن."
"پێویستە مامەڵەیەکی راستەقینە لەگەڵ ئیمراڵی بکرێت"
پێشتر دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە باسی لە "کێشەی ستاتۆی عەبدوڵڵا ئۆجەلان" کردبوو، لە بەرامبەریشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتبووی: "ئێستا ئیمراڵی وەک پێویست لەلایەن وەزارەتی دادەوە بەڕێوەدەبرێت."
لە وەڵامی ئەو لێدوانەی سەرۆککۆماری تورکیادا، ئایشەگوڵ دۆغان رایگەیاند: "ئاراستەکردنی ئەم بابەتە بۆ وەزارەتێک و بینینی وەک پرسێکی تەکنیکی، راست نییە و پێویستە مامەڵەیەکی راستەقینەتر هەبێت. ئێمە باس لە کەسێکی ئاسایی ناکەین، بەڵکو باس لە راستییەک دەکەین کە ملیۆنان کەس وەک رێبەری خۆی و دانوستاندنکاری سەرەکی دەیبینن."
جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێت هەلومەرجی ژیان، کارکردن و پەیوەندیی ئازاد بۆ ئۆجەلان بڕەخسێندرێت.
پەیامێکی نوێی ئۆجەلان بڵاودەکرێتەوە
گوتەبێژی دەم پارتی ئاشکرای کرد، رۆژی 27ـی شوبات لە یەکەمین ساڵیادی "بانگەوازی کۆمەڵگەی دیموکراسی و ئاشتی"دا، کۆبوونەوەیەکی فراوان ساز دەکەن و گوتی: "لەو رۆژەدا پەیامێکی نوێی نووسراو لە بەڕێز ئۆجەلانەوە پێمان دەگات و ئێمەش بۆ رای گشتیی بڵاوی دەکەینەوە. پەیامەکە تایبەت دەبێت بە هەڵسەنگاندنی پرۆسەکە و ئەو هەنگاوانەی پێویستە لە داهاتوودا بنرێن."
"کۆتایی بە سیستمی قەییوم بهێنرێت"
دۆغان تیشکی خستە سەر پرسی دەستگیرکردنی سیاسەتڤانانی کورد و دانانی قەییوم لە شوێنی سەرۆکشارەوانییەکان و گوتی: "لەلایەک دەڵێن قۆناخێکی مێژووییە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و جان ئاتاڵای لە زینداندان، ئەمە خەیاڵپڵاوییە. بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی راستەقینە، دەبێت بڕیارەکانی دادگە جێبەجێ بکرێن، زیندانییە نەخۆشەکان ئازاد بکرێن و کۆتایی بە سیستمی قەییوم بهێنرێت؛ چونکە ئیرادەی گەلی کورد زەوت ناکرێت."
سەبارەت بە پرسی چەکدانانی گەریلاکانی پەکەکە، ئایشەگوڵ دۆغان جەختی لە پێویستیی گەرەنتیی یاسایی کردەوە و رایگەیاند: "پێویستە گەرەنتییەکی یاسایی بێ جیاوازی هەبێت بۆ هەر کەسێک کە چەک دادەنێت. یەکگرتنەوە بە گۆڕانکارییەکی دوولایەنە دەبێت؛ تورکیا پێویستی بە سیاسەتی دیموکراسییە نەک رەفتاری ئەمنی." ئەوەشی خستەڕوو کە کارەکانیان بۆ "یاسای ئاشتی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی" ئامادەیە.
گوتەبێژی دەم پارتی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە بەستنی کۆنگرەی نائاسایی پارتەکەیان دەکەن و گوتی، گۆڕینی هاوسەرۆکان و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لە کارنامەیاندا نییە، بەڵام وەک هەمیشە کار بۆ نوێکردنەوەی رێکخستنەکانیان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ