رووداو دیجیتاڵ
بە واژۆی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەردوو وەزیری ناوخۆ و دادی ئەو وڵاتە گۆڕدران. مستەفا چفتچی بووە وەزیری ناوخۆ و ئاکن گورلەک بووە وەزیری داد.
بڕیارەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی شوباتی 2026 لە رۆژنامەی فەرمی ئەو وڵاتەدا بڵاوکرایەوە.
لە بڕیاری دەستبەکاربوونەکەدا کە بە واژۆی ئەردۆغان کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، مستەفا چفتچی لە شوێنی عەلی یەرلیکایا وەک وەزیری ناوخۆ و ئاکن گورلەکیش لە شوێنی یڵماز تونچ وەک وەزیری داد دەستبەکاربوون.
چفتچی لە ساڵی 2023 بووە پارێزگاری ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان و پێشتریش لە 2018-2023 پۆستی پارێزگاری چۆرومی بەڕێوەبردبوو.
ئاکن گورلەکیش لە ساڵانی 2022-2024 جێگری بەکربۆزداغ، وەزیری دادی ئەو کاتە بوو و لە 8ی تشرینی یەکەمی 2024یش لە شوێنی شەعبان یڵماز وەک سەرۆکی داواکاری گشتیی کۆماریی ئیستەنبووڵ دەستنیشان کرا.
ئاکن گورلەک چەند مانگێک دوای دەستنیشانکردنی وەک سەرۆکی داواکاری گشتی، بەهۆی لێکۆڵینەوە لە شارەوانییەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، بەتایبەتی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ، قسەی زۆری لەسەرکرا، لەوانەش لە لایەن ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپەوە کە بەکارهێنانی هەندێک دەستەواژە بەرامبەری وایکرد لە دادگە سکاڵای لەسەر تۆماربکرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ