رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە پەروین بووڵدان، میتحەت سانجار و فایەق ئۆزگور پێکهاتبوو، رۆژی هەینی 27ی ئاداری 2026 سەردانی دوورگەی ئیمراڵی کرد.
دەم پارتی رایگەیاند، شاندەکە دوای دیدارەکەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە دوورگەکەوە گەڕاوەتەوە.
بڕیارە شاندی دەم پارتی لەبارەی نێوەرۆکی کۆبوونەوەکە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، راگەیێندراوێک بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بڵاوبکاتەوە.
دوایین سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی لە 16ی شوباتی 2026 بوو.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، گفتوگۆکان لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری بەردەوامن و چاوەکان لەسەر هەنگاوە یاساییەکانی پڕۆسەکەن.
عایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، ئەم سەردانە بۆ ئەوان زۆر گرنگە و گوتی: "شاندەکە لەبارەی چوارچێوەی یاسایی پڕۆسەکە، هەنگاوەکانی چەکدانان و ستاتۆی بەڕێز ئۆجەلان راوێژ دەکات."
دەم پارتی داوا دەکات هەنگاوە یاساییەکانی پڕۆسەی چارەسەری کە حکومەت بۆ دوای جەژن دواخستبوون، دەستبەجێ دەستپێبکەن، بەڵام دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، رۆژی سێشەممە 24ی ئاداری 2026 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاند کە "پێویست ناکات پەلە لە پڕۆسەکەدا بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ