سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: دوای دڵنیابوونەوە لە چەکدانانی پەکەکە دەست بە هەنگاوە یاساییەکان دەکەین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێ، دوای دیاریکردن و پشتڕاستکردنەوەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بە خێرایی لە پڕۆسەکەدا دەچنە قۆناخی هەنگاوە یاساییەکان؛ گوتیشی: "ئەگەر پارتەکانی نێو پەرلەمان لەسەر ئەو نزیکبوونەوە دڵسۆزانەیەیان لەنێو کۆمیسیۆن بەردەوام بن، ئەو یاسایانە لە ماوەیەکی کورتدا دەردەچن."
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی هەینی 27-03-2026 لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی باسی لە پڕۆسەی چارەسەری و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد.
 
کورتولموش ئاماژەی بەوە کرد کە لە کاتێکی زۆر گونجاودا دەستیان بە پڕۆسەی چارەسەری کردووە و گوتی: "تورکیا 50 ساڵی خۆی لە ژێر سێبەری تیرۆردا بەسەربرد. دوای داگیرکردنی عێراق، لە ناوچەکەدا هێڵە پچڕاوە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان زیاتر تۆخ کرانەوە. ئێمە وەک تورکیا ناچار بووین خۆمان بپارێزین".
 
کورتولموش لەبارەی ئەو هەنگاوانەی خراونەتە سەر پەرلەمان قسەی کرد و گوتی: "پەرلەمان لە ماوەیەکی کورتدا بەشی سیاسیی کارەکەی بە سەرکەوتوویی تەواو کرد و هەموو پارتەکان لەسەر راپۆرتێکی هاوبەش رێککەوتن؛ ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە."
 
لەبارەی نەخشەڕێگەی قۆناخی نوێ و هەنگاوە یاساییەکان، کورتولموش تیشکی خستە سەر پرسی چەکدانانی پەکەکە و رایگەیاند: "گرنگترین مژار، دیاریکردن و تۆمارکردنی هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە و چەکدانانیەتی. بەمەش دەتوانین بە خێرایی بچینە سەر هەموارە یاساییەکان."
 
سەرۆکی پەرلەمان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران کرد و گوتی، ئامانجەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لێک جیاوازن. کورتولموش رایگەیاند: "ئەمریکا دەیەوێت توانای ئەتۆمییەکەی ئێران نەهێڵێت، بەڵام کێشەی ئیسرائیل ئێران نییە، بەڵکو مەبەستی ئیسرائیل بنیاتنانی 'ئیسرائیلی گەورە' و بەدیهێنانی خەونی 'خاکە بەڵێندراوەکان'ـە. ئەمە خەیاڵێکی خاوە و لە جیهانی ئەمڕۆدا سیاسەت لەسەر قسەی بێمانای وەها بنیات نانرێ. دەبێت ئیدارەی نەتەنیاهوو درک بەمە بکات."
 
کورتولموش هۆشداریشی دا کە ئەگەر جەنگ بەردەوام بێت، ئابووریی جیهان و بەتایبەتی ئەمریکا دادەڕمێت و گوتی: "نرخی نەوت گەیشتووەتە سەروو 120 دۆلار. جیهان تاوەکو کەی دەتوانێت تێچووی ئەمە دابین بکات؟ ئێمە وەک تورکیا بۆ ئەم جەنگە و هەموو ناکۆکییەکانی دیکە، هەمیشە پێشنیازی دانوستاندن و دیالۆگ دەکەین. هیوادارین مێزی گفتوگۆ دووبارە دابنرێتەوە."
 
نوومان کورتولموش رایگەیاند کە تورکیا "سەقامگیرترین وڵاتی ناوچەکەیە" و سوورە لەسەر ئەوەی کێشە ناوخۆییەکانی بە تەواوی چارەسەر بکات تاوەکو کاریگەریی ئاڵۆزییە دەرەکییەکان لەسەر وڵاتەکەی کەم بکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی و وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان

دەم پارتی: سبەی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبێتەوە

گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، شاندی ئیمراڵی سبەی هەینی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەکات و دەڵێت، "دیدارەکە زۆر گرنگە" و تێیدا پرسی چەکدانان و رێکخستنە یاساییەکان تاوتوێ دەکرێن.