رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەو جەنگەی ماوەی مانگێکە لەنێوان ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران دا دەستیپێکردووە "بێمانا و ناپێویستە." هۆشداریشی دا، ئەگەر جەنگەکە رانەگیرێ، باجەکەی بۆ هەموو مرۆڤایەتی قورس دەبێت.
سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی هەینی 27-03-2026 لە ئیستەنبووڵ بەشداریی لە "کۆبوونەوەی ستراتیژیی تورکیا"ی سەر بە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی کرد. ئەردۆغان گوتارێکی پێشکێش کرد و تیشکی خستە سەر لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگی ناوچەکە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، ئەم جەنگەی مانگێکە بەردەوامە، کاریگەرییەکی نەرێنیی بەرفراوانی لە سەرانسەری جیهاندا دروستکردووە و گوتی، "مانگێکە جەنگێکی بێمانا، نایاسایی و ناپێویست ناوچەکەمانی گرتووەتەوە. باجی ئەم جەنگە تەنیا لایەنە بەشەڕهاتووەکان نایدەن، بەڵکو تەواوی مرۆڤایەتی دەیدات. لە بازاڕەکانی وزەوە بگرە تاوەکو تۆڕەکانی بەرهەمهێنان، گەیاندن، گواستنەوە و بازرگانی، هەموو جیهان هەست بە لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەم جەنگە دەکات."
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی، سەرەڕای هەبوونی دەرفەتی دیپلۆماسی، هەندێک لایەن رێگەی جەنگیان هەڵبژاردووە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی تەنگژەی قووڵ. گوتیشی، "لە کاتێکدا لە رێگەی دیپلۆماسی و دیالۆگەوە دەرفەتی گەیشتن بە خاڵی هاوبەش هەبوو، تێکدانی ئەم رێگەیانە بارێکی گرانە."
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، "ئەمە راستییەکە کە ئەگەر ململانێکان کۆتاییان نەیەت، ئەو باجەی دەدرێت قورستر دەبێت. لەم پڕۆسەیەدا دووریی جوگرافی هیچ مانایەکی نامێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ