رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەو جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەستیان پێکردووە، مەترسیی ئەوەی لێ دەکرێت زیاتر بۆ ناوچەکە تەشەنە بکات.
درەنگی شەوی رابردوو 27ی ئاداری 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "ئەی خەبەر"ی تورکی رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئاسەواری وێرانکەر و مەترسیداریان لەسەر ناوچەکە و سیاسەتی جیهانی دەبێت. گوتیشی، "بەداخەوە ئەم جەنگە نایاساییە، مەترسیی ئەوەی لێ دەکرێت هەموو ناوچەکە بگرێتەوە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی ئەنقەرە لە سەرەتاوە رێگریکردن بووە لە هەڵگیرسانی جەنگ، ئێستاش کار دەکەن بۆ وەستاندنی و رێگریکردن لە فراوانبوونی، هەروەها هەوڵ دەدەن تورکیا لەم ململانێیە بەدوور بگرن. فیدان ئەوەشی خستەڕوو، ئەو گرژییانەی ساڵانێکی زۆر بوو بەهۆی دۆسیەی ئەتۆمی و بابەتەکانی دیکەوە کۆببووەوە، ئێستا گۆڕاوە بۆ جەنگێکی سەربازی.
هاکان فیدان ئاشکرای کرد، هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەستیان پێکردووە، "وا دیارە دانوستاندنەکان دەستیان پێکردووە و لە رێگەی پاکستانەوە پەیام ئاڵوگۆڕ دەکرێت. ئەمریکییەکان لەم بابەتەدا لەگەڵ ئێمە هاوئاهەنگیی دەکەن و ئێمەش زانیارییەکان دەگەیێنینە ئێرانییەکان."
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، بەهۆی ئەو وێرانکارییەی لە ئێران روویداوە، داواکارییەکانی هەردوولا لە دانوستاندنەکاندا گۆڕاوە و ئەمەش کاری ناوەندگیرەکان قورستر دەکات، بەڵام جەختی کردەوە کە پێویستە گفتوگۆکان بەردەوام بن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
لەبارەی سەردانی ئەم دواییەی بۆ وڵاتانی کەنداو، هاکان فیدان باسی لەوە کرد، نزیکەی 7 بۆ 8 وڵاتی ناوچەکە رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران بوونەتەوە. گوتیشی، "وەک چۆن ئامۆژگاریی ئێرانمان کردووە، ئامۆژگاریی ئەو وڵاتانەشمان کردووە دان بەخۆیاندا بگرن و وەڵام نەدەنەوە؛ چونکە هەر وەڵامدانەوەیەک خزمەت بە سیناریۆکەی ئیسرائیل دەکات کە دەیەوێت وڵاتانی ئیسلامی بخاتە ناو شەڕێکی درێژخایەن لەگەڵ یەکدی."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئیسرائیلی بە "گەورەترین رێگر لەبەردەم ئاشتیی ناوچەکە" ناوبرد و رایگەیاند، تەلئەڤیڤ کاریگەریی خۆی لەسەر سیاسەتی ئەمریکا بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی شەڕەکە بەردەوام بێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجی راگەیێندراوی شەڕەکە لەناوبردنی ژێرخانی مووشەکی و پیشەسازیی سەربازیی ئێران بووە. ئەگەر ئەم ئامانجە هاتۆتە دی، "ئەی بۆچی شەڕەکە بەردەوامە کە زیانی گەورەی ئابووریی بە جیهان گەیاندووە؟"
لە کۆتاییدا فیدان باسی لەوە کرد کە لە ناوخۆی ئەمریکاش ئێستا گومان و گفتوگۆی جدی لەسەر ئاستی دەستوەردان و کاریگەریی ئیسرائیل لەسەر بڕیارە سیاسییەکانی واشنتن دروست بووە و ئەم ململانێ ناوخۆییەی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر دۆسیەکانی ئێران، غەززە و سووریاش دەبێت.
لە 28ی شوباتی ئەم ساڵ، ئەمریکا و ئیسرائیل جەنگێکیان دژی ئێران دەستپێکردووە کە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس، لەنێویاندا بەرپرسانی باڵا وەک عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی؛ لە بەرامبەریشدا تاران بە مووشەک و درۆن وەڵامی ئیسرائیل و هەندێک لە بنکەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا داوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ