لە ئیستەنبووڵ 26 کەس بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە دەستبەسەرکران

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای ئیستەنبووڵی تورکیا بە تۆمەتی "بانگەشەکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە" لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا، 26 کەس دەستبەسەرکران.
 
ئاژانسی فەرمی تورکیا رۆژی هەینی، 27ـی ئاداری 2026 رایگەیاند، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ، هەواڵگری و هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لە چوارچێوەی کارێکی هاوبەشدا لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت)، ناسنامەی 26 کەسەیان دەستنیشان کرد کە لە چالاکییەکانی نەورۆزدا "بانگەشەیان بۆ پەکەکە" کردووە.
 
هێزە ئەمنییەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەو 26 کەسە و سەرجەمیان دەستبەسەرکردن. 
 
نزیکەی هەفتەیەکە بە هەمان تۆمەت زیاتر لە 100 کەس دەستبەسەرکران. 
 
رۆژی سێشەممە 24 ـی ئادار لە پارێزگاکانی ئامەدی باکووری کوردستان و ئیستەنبووڵی تورکیا بە بڕیاری دادگە 27 کەس بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە خرانە زیندانەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە