رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێ، پێویستە رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا بێ مەرج و بێ کەم و کوڕی جێبەجێ بکرێت.
یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، رۆژی سێشەممە 10-02-2026 لە پارێزگای کیلیس سەردانی فەرماندەیی لیوای 11ی سنووری کرد و لەوێ لەگەڵ سەربازان کۆبووەوە.
گولەر لە گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکارییەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان و پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق.
یەشار گولەر گوتی، "پێویستە یەپەگە و هەسەدە بێ مەرج و بەتەواوی بەگوێرەی مەرجی رێککەوتننەکانی 10ی ئادار و 18ی کانوونی دووەم بجووڵێنەوە. ئێمە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە دەستپێکردنی کارەکان لەمبارەیەوە دەکەین و چاوەڕوانین پرۆسەی تێکەڵبوونەکە بە شێوەیەک بێت کە یەکپارچەیی سیاسیی سووریا و بنەماکانی سوپایەکی یەکگرتوو بەهێز بکات."
گولەر ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەش کرد و گوتی، "سوپای سووریا بە ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوو رووبەرێکی فراوانی لە ئەندامانی رێکخراوەکە پاککردەوە، بەمەش رێکخراوەکەی ناچار کرد داوای ئاگربەست بکات و تێکەڵبوون قبووڵ بکات."
وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، ئەوان لە پرسی تێکەڵبووندا لەگەڵ سوپای سووریا لە هاوئاهەنگییەکی نزیکدا دەبن و گوتی، "لەمەودواش رێگە بە بچووکترین مەترسی نادەین کە ئاسایشی وڵاتەکەمان بخاتە مەترسییەوە. ئێمە بە وردی چاودێریی هەموو پێشهاتەکان دەکەین و پاڵپشتی لە حکومەتی سووریا دەکەین، چونکە پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا و بونیاتنانی پێکهاتەیەکی ئەمنی لەسەر بنەمای 'یەک دەوڵەت و یەک سوپا'، بۆ ئاسایشی سنوورەکانمان زۆر گرنگە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ