رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە بە "قۆناخێکی گرنگی مێژوویی" وەسف دەکات، لەبارەی شەڕی چەند دەیەی گەریلاکان و سوپای وڵاتەکەشی دەڵێت، "خەنجەرێک بوو لە برایەتیی هەزار ساڵەی کورد و تورک درا."
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی هەینی 11ی تەممووزی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رێوڕەسمی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکەی بە "قۆناخێکی گرنگی مێژوویی" لە پرۆسەی چارەسەریدا وەسف کرد و گوتی، "ئەمڕۆ بۆ یەکگرتوویی و ئاسایشی وڵاتەکەمان رۆژێکی گرنگە."
وەزیری دادی ئەو وڵاتە پێیوایە، شەڕی پەکەکە و سوپای وڵاتەکەی، "خەنجەرێک بوو لە برایەتیی هەزار ساڵەی کورد و تورک درا." گوتیشی لە شەڕی پەکەکەدا "برا بە رەچەڵەک کوردەکانمان زیاتر لە هەمووان دووچاری زەحمەتی بوون."
تونچ جەختیشی لەوە کردەوە، کۆتاییهاتنی شەڕی گەریلاکان و سوپای تورکیا، رۆڵی لە بووژانەوەی ئابووریی وڵاتەکەی دەبێت.
بۆ سەرخستنی پرۆسەکەش، وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، "دەبێت هەمووان پاڵپشتی لە هەنگاوەکانی داهاتوو بکەن و بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ."
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی گرووپێکی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کە ژمارەیان 30 گەریلا بوو، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا و سووتاندیانن.
چەکدانانی سیمبوولیی پەکەکە لە کاتێکدایە، 1ی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بە "تورکیای بێ تیرۆر،" لەلایەن دەمپارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5 - 7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ