ئەردۆغان لەبارەی گرەوی نایاسایی وەرزشی: ریشەکێشی دەکەین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لەکاتێکدا گرەو و دەستکاریی نایاسایی یارییە وەرزشییەکان بووەتە رۆژەڤ لە تورکیا و ژمارەیەکی زۆر بە تۆمەتی ئەو کارانە دەستگیرکراون، سەرۆککۆماری تورکیا رێنمایی دا و دەڵێ، ریشەکێشی دەکەن.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی ئاکپارتی دا، رێنمایی لەبارەی گرەوی نایاسایی وەرزشی و ساختەکاری لە یارییەکاندا دەرکرد و جەختیکردەوە کە ئەو هەڵمەتەی دەستیپێکراوە گەڕانەوەی نابێت.
 
لە کۆبوونەوەکەدا ئەردۆغان سەرنجی خستە سەر ئەو زیانانەی گرەوی نایاسایی و قوماری ئەلیکترۆنی بە کۆمەڵگەی دەگەیێنن. هەروەها گوتی: "ئەم بابەتە زۆر نیگەرانی کردووم و ریشەی ئەم کارە وشک دەکەین. رێگە بە هیچ هەنگاوێک نادەین کە هەڕەشە لە پێکهاتەی خێزان و شیرازەی کۆمەڵایەتیمان بکات. ئەمە پرسێکی سەرووی سیاسەتە؛ پرسی ئاسایشی نیشتمانییە. چی پێویست بێت دەبێ بکرێت".
 
ئەردۆغان جەختیکردەوە کە ئەرک دەکەوێتە سەرشانی هەموو لایەنێک و گوتی: "هەموو ئەندامێکی پارتەکەمان و کابینەکەمان لەسەر ئەمە کار دەکەن. ئەم پرسە بە زووترین کات چارەسەر بکەن."
 
ماوەیەکە ئۆپەراسیۆن دژی گومانلێکراوانی گرەوی نایاسایی و دەستوەردان لە یارییە وەرزشییەکان، چڕبووەتەوە.
 
رۆژی 9-12-2025 نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی قاچاخی، مادە هۆشبەرەکان و تاوانە ئابوورییەکان کە سەر بە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵە رایگەیاند، لە رێی پلاتفۆرمی گرەوم نیشان بدە (showbahis.com) بەدواداچوونی زۆر کراوە.
 
لە چوارچێوەی ئەو بەدواداچوونانە، دەرکەوتووە لە هەژماری گومانلێکراواندا جووڵەی پارە بە بڕی 2 ملیار و 86 ملیۆن و 8 هەزار و 77 لیرە (نزیکەی 1.8 ملیۆن دۆلار) تۆمار کراوە.
 
دەستبەسەرکردنی 20 کەس
 
ئۆپەراسیۆنێکی هاوکات کە ناوەندەکەی ئیستەنبووڵ بوو، لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، ساکاریا، کۆجائەلی، هاتای، مەرەش و رووها بۆ سەر 17 ناونیشانی جیاواز ئەنجامدرا. لەو ئۆپەراسیۆنەدا 20 گومانلێکراو دەستگیرکران. هەروەها پشکنین بۆ ماڵ، شوێنی کار و ئۆتۆمبێلی گومانلێکراوان کرا و دەست بەسەر کەلوپەلەکانیاندا گیرا.
 
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا، بە مەبەستی رێگریکردن لە سپیکردنەوەی ئەو پارەیەی لە گرەوی نایاساییدا بەدەستهاتووە، بە بڕیاری دادگە؛ دەست بەسەر 11 ئۆتۆمبێل و 3 موڵکی گومانلێکراواندا گیرا. هەروەها وەک رێکارێکی خۆپارێزی، 265 هەژماری بانکیی گومانلێکراوان و کەسانی دیکە بلۆک کران.
 
وردەکارییەکانی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گرەوی نایاسایی تۆپی پێ
 
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، هەریەک لە؛ مەتەهان باڵتەجی، یاریزانی یانەی گەڵاتاساڕای، مەرد هاکان یانداش، یاریزانی یانەی فەنەرباخچە، مورات سانجاک، سەرۆکی پێشووی یانەی ئەدەنە، ئالاسان نداو ئەحمەد ئۆکاتان، خاوەنی یانەی ئەنقەرە سپۆر، محەممەد ئەمین کاتیپۆغڵو، سەرۆکی یانەی ئەنقەرە سپۆر، یاریزانان ئومیت کایا، ئەحمەد عەبدوڵڵا چاکماک، ئەرەن کاراداغ، ئوغور ئادەم گەزەر، ئەمرە چەلیک، یونس ئەمرە تەکۆغڵو، عیزەت فورکان مالاک، بارتو کایا، ئاردا تورکەن، محەممەد فورکان ئۆزهان، یوسف ئۆزدەمیر، ئۆرکون ئۆزدەمیر، قادر کاعان یورداکول، فاروق جان گەنچ، ئەنسار بیلیر، ئۆکتای ئایدن، یوجەل گورۆڵ، ئەرەسەن دیکمەن، کەرەم یوسف سیرکەجی، ئەمیرجان چیچەک، گورهان سونمەز، ڤۆڵکان ئەرتەن و شاهین کایا داوای دەستنەسەرکردنیان بۆ کراوە و رەوانەی دادگە کران.
 
دەقی دانپێدانانی مەرت هاکان یانداش ئاشکرا بوو
 
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی "گرەوکردن لە تۆپی پێ"دا کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی ئیستەنبووڵەوە بەڕێوەدەچێت، لە کاتی وەرگرتنی ئیفادەی مەرت هاکان یانداش لە ئاسایش، پرسیاری لێ کراوە سەبارەت بە سەرچاوەی داهاتی ئەو خانووبەرە و ئۆتۆمبێلانەی کە بەگوێرەی داتاکانی سیستمی زانیاریی تاپۆ، لەسەر ناوی تۆمارکراون.
 
یانداش لە وەڵامدا گوتوویەتی، ئەو خانووبەرەیەی لە سێواز هەیەتی، ئەوکاتە کڕیویەتی کە یاری بۆ یانەی سێوازسپۆر کردووە، سەرچاوەی هەموو موڵکەکانی دیکەشی ئەو داهاتە بووە کە لە یانەی فەنەرباخچە دەستی کەوتووە.
 
بڕیاری دادگە
 
چوار کەس دەستبەسەر کران کە مەتەهان باڵتەجی (یاریزانی گالاتەسارای)، موراد سانجاک (سەرۆکی پێشووی ئەدەنە)، ئەحمەد ئۆکاتان (خاوەنی ئەنقەرە سپۆر) و ئالاسان نداو، یاریزانی هەڵبژاردەی سەنیگال و یانەی کۆنیاسپۆر.
 
هەروەها ئەحمەد چاکار، ناوبژیوانی پێشوو و شرۆڤەکاری وەرزشی کە ئەویش دەستبەسەر کرابوو، بەهۆی تێکچوونی تەندروستییەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و نەشتەرگەریی قەستەرەی بۆ کراوە.
 
بە گشتی نزیکەی 50 کەس بە تۆمەتی گرەوی نایاسایی لە یارییەکانی تۆپی پێ دا دەستگیرکراون. سی لەو کەسانە یاریزانی یانەی ئامەدسپۆرن کە ئەوانیش؛ ئۆکتای ئایدن، ئوغور ئادەم گەزەر و بارتوو کایا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تۆپێک لەنێو یاریگا

لە تورکیا بەهۆی گرەوکردن لەسەر یارییەکان 20 کەس خرانە زیندانەوە؛ ئەستێرەی گەورەی تێدایە

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی "گرەوکردنی نایاسایی" لە خولەکانی تورکیا، دادگە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ 20 کەس دەرکرد، کە یاریزانی یانەکانی گالاتاسەرای و فەنەرباخچە و سەرۆکی پێشووی یانەیەکی ناسراوی تێدایە