رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە مەرجی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی 10ی ئادار، داماڵینیان لە 'تیرۆر' و هەنگاونانیان وەکو بەشێک لە سوپا و کۆمەڵگەی سووریا، دەتوانن وەکو پارتێکی سیاسی سەردانی ئەنقەرە بکەن.
دوای کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبردن و بڕیاری پارتەکەی کە ئەمڕۆ دووشەممە 12-1-2026 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لەبارەی هێرشی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب گوتی: "ئەو تابلۆیەی لە شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید دەبینرێ تابلۆی کومەڵکوژیی رێکخراوی تیرۆرستیی هەسەدەیە کە راستەوخۆ سڤیل و سەربازان دەکاتە ئامانج".
گوتەبێژی ئاکپارتی هەروەها وەڵامی ئەو پێشنیازەی دایەوە کە ماوەیەکی زۆرە لەلایەن دەم پارتییەوە بۆی دەکرێت کە ئەویش بانگهێشتکردنی هەسەدەیە بۆ ئەنقەرە.
چەلیک لەمبارەیەوە گوتی: "بەردەوام دەگوترێ بانگهێشتی تورکیایان بکەن. ئێمە رێگەی ئەوەمان روونکردەوە کە چۆن دەبێت. هەسەدە پابەندی رێککەوتننامەی 10ی ئادار دەبێت و لە ئەندامانی تیرۆر دادەماڵدرێت. وەک بەشێک لە سوپا و کۆمەڵگەی سووریا هەڵسوکەوت دەکات. دواتر وەکو پارتێکی سیاسی لە زەمینەی رەوای سیاسیی سووریادا چالاکی دەکات. ئەوکات دەتوانن سەردانی تورکیاش بکەن. هەروەها زەمینەیەکی هاوبەش دەڕەخسێت کە تێیدا دەکرێ باسی زۆر شت بکرێت".
لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی نێوان هێزەکانی دیمەشق و ئاسایشی ناوخۆی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، رەخنەی زۆر لە تورکیا دەگیرێت بەوەی دژایەتیی کورد دەکات و سیاسەتی دژە کورد جێبەجێ دەکات..
عومەر چەلیک گوتی: "لەکاتێکدا هێشتا رۆژەڤێکی لەمجۆرە لە سیاسەتی تورکیادا نەبوو، سەرۆککۆمارمان لە سەردەمی پێش کۆمەڵکوژییەکان، ئەسەدی ئاگادار دەکردەوە و پێیدەگوت، مافی کوردانی سووریا بدە، با برۆنە ناو هەڵبژاردنەکان و وەکو هاووڵاتیی ئاسایی سووریا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ئێستا زنجیرەیەک سیحربازی سیاسی هەن و دەڵێن، گوایە تورکیا سیاسەتی (ئەنتی کورد) جێبەجێ دەکات. راستییەکەی کوردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش باوەڕ بەمە ناکەن".
چەلیک رایگەیاند، ئەوانەی دەڵێن تورکیا سیاسەتی ئەنتی کورد جێبەجێ دەکات، دەیانەوێت رۆژەڤی 'تیرۆر' بشارنەوە و گوتی:"ئەوانەی لایەنگری براکوردەکانی عێراق و سووریامانن، یەکەمین شت کە پێویستە بیکەن بانگەوازی چەکدانانە بۆ پەکەکە و هەسەدە. ئەمەش وەکو رۆڵی ئەرێنی بۆ پرۆسەی ناوچەی بی تیرۆر".
گوتەبێژی ئاکپارتی هەروەها جەختیکردەوە کە کوردانی عێراقیش لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکان ئایندەی هاوبەشیان هەیە و پرۆسەکە پێویستە بۆ ئەمنییەتی هاوبەشی ئەوان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ