رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیی پارتی رەخنەی تووند لە دەوڵەت باخچەلی و پرۆسەی چارەسەری دەگرێت و رایدەگەیێنێت، باخچەلی بە بەرچاوی هەمووانەوە بووەتە "پۆستەبەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان."
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی، رۆژی چوارشەممە، 11ـی ئاداری 2026، لە خوانێکی بەربانگ لە ئەنقەرە لەگەڵ پەیامنێران کۆبووەوە و وەڵامی چەند پرسێکی گەرمی رۆژەڤی تورکیای دایەوە.
"باخچەلی بووەتە پۆستەبەری ئۆجەلان"
سەرۆکی ئیی پارتی، کە پارتەکەی تاکە فراکسیۆنە ئەندامی لە کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری نییە، ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بە مەترسی وەسفکرد و گوتی: "پرۆسەیەک کە بە رێنوێنیی بکوژی 50 هەزار کەس بێت، سوودی بۆ بەرژەوەندییەکانی وڵات نابێت."
دەرڤیشئۆغڵو بە ئاماژەدان بە هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی مەهەپە گوتی: "دەوڵەت باخچەلی بە بەرچاوی هەمووانەوە بووەتە پۆستەبەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان. ئەو یەکەم کەسە باسی 'مافی هیوا' دەکات، کە پێشتر ئۆجەلان لە راپۆرتەکانیدا ئەو دەستەواژەیەی بەکارهێناوە. باخچەلی لە گۆڕینی شوێنی بکەر و بەرکاردا زۆر شارەزایە."
سوپای تورکیا و کێشەی مووشەکی S-400
سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەردۆغان لەسەر هێرشە مووشەکییەکان، دەرڤیشئۆغڵو ئاماژەی بە کورتهێنانی بەرگریی ئاسمانیی تورکیا کرد و گوتی: "ملیاران دۆلارمان بە مووشەکی S-400 دا، بەڵام هەمووان دەزانن کارا ناکرێن و بەهۆی ئەوانەشەوە لە پڕۆژەی F-35 دوورخرایینەوە." جەختیشی کردەوە کە سوپای تورکیا یەکێکە لە بەهێزترین سوپاکانی ناتۆ، بەڵام پێویستی بە پڕکردنەوەی هەندێک کورتهێنان هەیە.
"تورکیا لە نێوان دوو پارتدا گیری خواردووە"
سەرۆکی ئیی پارتی رەتیکردەوە هیچ گفتوگۆیەکیان بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ پارتەکانی دیکە کردبێت و گوتی: "تورکیا لە نێوان دوو پارتدا گیری خواردووە، ئێمە لەوێ دەری دەهێنین. رێگەی ئێمە تاکە رێگەی رزگاریی تورکیایە."
دەرڤیشئۆغڵو هێرشی کردە سەر نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پرۆسەی ئامادەکردنی راپۆرتی کۆمیسیۆنەکانی بە "بێسەروبەر" ناوبرد.
سەرۆکی ئیی پارتی هەروەها پرۆسەی چارەسەریی بە بێسەروبەر وەسفکرد و گوتی: "هەروەها راپۆرتێک ئامادە دەکات، ئیمزای کێی لەسەرە؟ پارتە سیاسییەکان. کێ پێشکەشی دەکات؟ سەرۆکی پەرلەمان بە سیفەتی ئەوەی سەرۆکی کۆمیسیۆنە. بە سیفەتی سەرۆکی کۆمیسیۆن راپۆرتەکە بۆ کێ دەنێرێت؟ بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان. واتە نوعمان کورتوڵموش راپۆرت بۆ نوعمان کورتوڵموش دەنێرێت. ئایا کاری وەها بێسەروبەر دەبێت؟"
سەبارەت بە گۆڕینی دەستووریش گوتی: "لە تورکیا کێشەی یاسا نییە، بەڵکو کێشەی جێبەجێ نەکردنی یاسا و دەستوورمان هەیە. کورتوڵموش دەیەوێت بەم گۆڕانکارییانە بچێتە مێژووەوە، بەڵام بەم شێوەیە بێت بە ناوبانگێکی خراپەوە دەچێتە مێژوو."
لە کۆتایی قسەکانیدا، دەرڤیشئۆغڵو پرسیاری ئاراستەی بەرپرسانی حکومەت کرد و گوتی: "بچن لە سۆیلۆ، فیدان و باخچەلی بپرسن، کێ بوو دەیگوت ئۆجەلان لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە لە ناوەوە رێکخراوەکەی بەڕێوەدەبات؟ ئۆجەلان کەجەکەی لە کوێ دامەزراند؟"
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ