وەزارەتی بەرگریی تورکیا: ئینجیرلیک بنکەیەکی تورکیایە، نەک ئەمریکا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی تورکیا روونکردنەوە لەبارەی بنکەی ئینجیرلیک دەدات و رایدەگەیێنێت، "ئەو بنکەیە تورکیایە" و بوونی هێزەکانی ئەمریکا تێیدا بەو واتایە نایەت کە بنکەیەکی ئەمریکی بێت. هاوكات هۆکاری بەکارنەهێنانی S-400ـیش بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکانی ئەم دواییە روون دەکاتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12-03-2026، زەکی ئاکتورک، راوێژکاری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا لە ئەنقەرە تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی سەربازیی هەستیار، بەتایبەتی هۆکاری بەکارنەهێنانی سیستمی S-400 دژی ئەو مووشەکانەی لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.
 
"ئینجیرلیک بنکەیەکی تورکیایە"
 
ئاکتورک  رایگەیاند، خاوەندارێتیی بنکەی ئینجیرلیک لە ئادانا لەگەڵ هەموو دامەزراوەکانی دەگەڕێتەوە بۆ کۆماری تورکیا و فەرماندەی بنکەکەش عەمیدێکی تورکە. گوتیشی: "بوونی سەربازانی ئەمریکا لەوێ بەو واتایە نایەت کە بنکەیەکی ئەمریکییە. هەروەها لەوێ کارمەندی سەربازیی ئیسپانیا، پۆڵەندا و قەتەریش هەن."
 
پووچەڵکردنەوەی مووشەکێکی بالیستیی ئێران
 
راوێژکارەکەی وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوە کرد کە لە 9ی ئاداردا مووشەکێکی بالیستی کە لە ئێرانەوە هەڵدرابوو، چووەتە نێو ئاسمانی تورکیا، بەڵام لەلایەن سیستمی بەرگریی ناتۆوە لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست پووچەڵکرایەوە.
 
ئاکتورک گوتیشی، پارچەی مووشەکەکە لە ناوچە چۆڵەوانییەکانی گازی عەنتاب و دیاربەکر کەوتوونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە. راشیگەیاند کە بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە، سیستمێکی "پاتریۆت" لە مەڵەتی جێگیر کراوە.
 
بۆچی S-400 بەکارنەهات؟
 
سەبارەت بە بەکارنەهێنانی سیستمی S-400ـی رووسی بەرامبەر ئەو مووشەکانە، ئاکتورک روونی کردەوە کە چالاکییەکانی بەرگریی تورکیا "فرە چینە" و کاتێک مووشەکێک دەستنیشان دەکرێت، سیستمەکە بە شێوەیەکی "ئۆتۆماتیکی" گونجاوترین و خێراترین ئامراز هەڵدەبژێرێت.
 
ئاکتورک گوتی: "بەهۆی ئەوەی ماوەی وەڵامدانەوە زۆر کورتە، سیستمەکە گونجاوترین ئامرازی رێگریکردن هەڵدەبژێرێت. لە دژی ئەو هەڕەشەیەی ئاراستەی وڵاتەکەمان کرابوو، گونجاوترین و کاریگەرترین توخمەکانی بەرگری خرانەکار و مووشەکەکە بە سەرکەوتوویی لەنێوبرا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە