رووداو دیجیتاڵ
بیلال ئەردۆغان، کوڕی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە، ئێستا خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی دەدات، ئەوەش بەهۆی پەرەسەندنی هێزی پیشەسازیی بەرگریی وڵاتەکەیەوە.
بیلال ئەردۆغان، جێگری سەرۆکی زانکۆی ئیبن خەلدوون بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە مالیزیا بەشداریی لە چەند چالاکییەکی ئەکادیمی کرد، تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، 25 ساڵ لەمەوبەر تورکیا زیاتر لە 80%ی پێداویستییە سەربازییەکانی لە دەرەوە دەکڕی، بەڵام ئێستا بۆ کەمتر لە 20% دابەزیوە. گوتیشی، "ئەمە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورەیە."
بە گوتەی کوڕەکەی سەرۆککۆماری تورکیا، وڵاتەکەی ئێستا توانای دروستکردنی کەشتیی جەنگی، ژێردەریایی، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و فڕۆکەی جەنگیی هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا تورکیا لە ریزی "سێ هێزە سەرەکییەکەی جیهاندایە لە بواری درۆنە سەربازییەکاندا."
بیلال ئەردۆغان رەخنەی لە شێوازی مامەڵەی وڵاتانی رۆژئاوا گرت لە پرسی بەکارهێنانی پیشەسازیی بەرگریدا و رایگەیاند، تورکیا بە پێچەوانەی وڵاتانی رۆژئاوا، بە سەخاوەتەوە تەکنەلۆژیا و کەرەستە بەرگرییەکانی لەگەڵ وڵاتە دۆستەکانیدا بەش دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ